"لە عەفرین ژیانی هاوڵاتیان لە مەترسیدایە"

ئارین بەکر، جێگری دەستەی ژنانی عەفرین-شەهبا، باسی لە ڕاستیی داگیرکردنی عەفرینی داگیرکراو لەلایەن دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: ژیانی هاوڵاتییان لە عەفرین لە مەترسیدایە، گەل دژی داگیرکاری خەبات دەکەن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- کانتۆنی عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨ەوە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دایە، لەو ڕۆژەوە خەڵکی عەفرین و بە تایبەت ژنان تووشی کردەوەی ئەشکەنجەدان و ئازاردان و ڕفاندن و کوشتن بوونەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتی عەفرین نیوز لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٤٢ کەس ڕفێندراون کە ٧ کەسیان ژن بوون، لەدوای داگیرکارییەوە، هەزار و ٦٥٠ کەس کە ١١٥یان ژن و ٢١ منداڵن، هەروەها ١٣٢ کەسی بەساڵاچوو تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، زۆرێکیان سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام پێدەچێت ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەڕفێنرێن و دەکوژرێن و کردەوەی دڕندانەیان بۆ دەکرێت، زیاتر بێت لەو داتایانەی کە دراوە.

 

زۆربەی زەویەکانی ناوچەی عەفرین سووتاوە و شاخەکانی دەوروبەری وێران دەکرێن بۆ دروستکردنی بینای نیشتەجێبوون، لە هەمان کاتدا زیاتر لە ٢٩ بینای چەتەکان دروستکراون، ئامانجیش لەخۆگرتنی نزیکەی ٥٠٠ هەزار خێزانی چەتەکانە.

 

ئارین بەکر، جێگری دەستەی ژنانی عەفرین-شەهبا، سەبارەت بە کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرینی داگیرکراو وتی: ماوەی ٧ ساڵە عەفرینی خاکی زەیتوونەکان لە ژێر داگیرکاری دایە، دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی دڕندانە بە ٧٢ فڕۆکە هێرشی کردە سەر ناوچەکە،  خەڵکی ئەو ناوچەیە پێش داگیرکردنی عەفرین لە ناوچەکەدا سەلامەت و سەقامگیر دەژیان، بەڵام بەداخەوە دوای داگیرکردنی عەفرین چەتەکانی ئەردۆغان لەوێ نیشتەجێبوون، ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی ناوچەکە و ژیانیان لە ژێر هەڕەشەدایە.

 

"خەڵک ناتوانن بە ئاسوودەیی لە عەفرین بژین"

ئارین بەکر ڕایدەگەیەنێت کە زیاتر ژنان لە عەفرینی داگیرکراو ڕووبەڕووی کردەوەی خراپ دەبنەوە و وتی: لە عەفرین و هەموو ئەو ناوچانەی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە داگیرکراون، ڕۆژانە کردەوەی دڕندانە و نامرۆڤانە ئەنجام دەدرێن، وەک کوشتن، ڕفاندن، دەستدرێژی و ئەشکەنجەدان تا هەموو جۆرە خراپەیەک بەسەر خەڵکدا ئەنجام دەدرێت، لەم ماوەیەی دوایدا بە شێوەیەکی دڕندانە کچێکی خەڵکی گوندی مەیدانکێ کوژرا و پاشان سووتێنرا، کە ئەمە لە هیچ یاسایەکی جیهاندا قبوڵکراو نییە، هەروەها ڕووداوی جندرێس ئەنجامدرا، کە هەمووان بینییان منداڵان بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن  و خەڵکەکە ناتوانن لە ماڵەکانیاندا ئاسوودە بن.

 

"ئەوان هەوڵی لەناوبردنی ئایینی ئێزدی دەدەن"

لە کۆتایی قسەکانیدا ئارین بەکر باسی لە گۆڕانی دیمۆگرافیای ناوچەکە کرد و وتی: لەو ساتەوەختەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک عەفرینی داگیرکرد تا ئێستا گۆڕانکاری دیمۆگرافی لەوێدا ڕوودەدات و شوێن و مێژوو و کولتوور و ناسنامە لە عەفرین بە گوێرەی خۆیان دەگۆڕن و بنیاد دەنێن، زۆربەی شوێنەوارەکان دزراون و دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت خەڵکی ئێزدی لەوێ بە تەواوی لەناوببات، لە گوندە ئێزدییەکان مزگەوت دروست دەکەن و دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات گەل لەناو ببات، بەڵام ئەو گەلەی کە لە شەهبا مانەوە و بەردەوامن لە بەرخۆدان، بڕیاریان داوە بە شەرەفەوە بگەڕێنەوە و ڕێگە نادەن خەونەکانی ئەردۆغان بێتە دی.