تەڤگەری ئازادی و کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدان سەردانی گۆڕی شەهیدانیان کرد
بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕمەزان، بە دروشمی "شەهید نامرن" تەڤگەری ئازادی و بنەماڵەی شەهیدان لە شاری سلێمانی سەردانی مەزاری شەهیدانیان کرد.

سلێمانی
بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزان، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدان لە گۆڕستانی شێخ عەباس لە گەڕەکی وڵوبە لە شاری سلێمانی، گوڵیان لەسەر گۆڕی شەهید پیرۆ و شەهید هەڵگورد دانا و پیرۆزبایی هاتنی جەژنی ڕەمەزانیان لە بنەماڵەی شەهیدان کرد.
وەهاب محەمەد، ئەندامی کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدان لەسەر مەزاری شەهیدان یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی کردەوە و ئاماژەی بەوەدا، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزان پیرۆزبای خۆیان ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدان دەکەن و وتی: دەبێت نەک تەنها جەژن دڵمان خۆش بێت، بەڵکو دەبێت هەموو ڕۆژێکی خۆمان بکەین بە جەژن لەپێناوی ژیانێکی ئاسوودە بۆ تەواوی گەلەکەمان.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا بە خوێندنی سورەتی فاتیحا و دروشمی "شەهید نامرن" کۆتاییان بە سەردانی مەزاری شەهیدان هێنا.