ئایشە ئەفەندی: لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ بووە ژیانەوەی گەلی کورد

ئایشە ئەفەندی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنی فورات، ئاماژەی بەوەکرد، لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ بووە ژیانەوەی گەلی کورد، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم ڕاستییە بکات.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە ئەمڕۆ ٤ی نیسان تەمەنی دەبێتە ٧٥ ساڵ و ٢٦ ساڵی تەمەنی لە زیندانی ئیمراڵی بەسەر بردووە، ئێستا لە گۆشەگیریدایە، لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە کینیا بەهۆی پیلانێکی نێودەوڵەتییەوە دەستگیرکرا و ڕادەستی تورکیا کرا، لەو کاتەوە لە دوورگەی ئیمراڵی زیندانی کراوە، سەرەڕای هەوڵەکانی پارێزەران، بۆ ماوەی سێ ساڵە هیچ زانیارییەک دەربارەی نەگەیشتووە.

 

لەم چوارچێوەیەدا، ئایشە ئەفەندی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، لە ٧٥ەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تیشکی خستە سەر ئەو گۆشەگیرییەی کە چەندین ساڵە لە ئیمراڵی بەردەوامە.

 

"بۆ ڕێبەر ئاپۆ، ئێش هەمیشە لە دڵماندایە"

لە سەرەتای هەڵسەنگاندنەکانیدا، ئایشە ئەفەندی هەستەکانی خۆی بۆ ٤ی نیسان دەربڕی و وتی: وەک دایکێک، بەتایبەتی کاتێک دێتە سەر ڕێبەر ئاپۆ، دەستبەجێ ئێش دێتە دڵمانەوە، بە تایبەتی لەم ڕۆژانەدا کە پێشوازی لە ڕۆژی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین، ئەم هەستە قووڵتر دەبێتەوە، ڕێبەر ئاپۆ سەرەڕای تەمەنی ٧٥ ساڵی، ئەمڕۆ لە ژێر گۆشەگیری جەستەیی، ڕۆشنبیری و ڕۆحیدایە، ماوەی ٢٦ ساڵە ڕێبەرەکەمان لەژێر ئەشکەنجەی دەروونیدایە، لە بیرمە کاتێک پێش دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ ٤ی نیسانمان پیرۆز دەکرد، جۆش و خرۆش و  زیندوویی و شکۆمەندی هەبوو، بەڵام بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ، ٢٤ ساڵە بە  شێوەیەکی دیکە پیرۆزی دەکەین.

 

"دایکە ئوەیش سەرچاوەی ئازادی گەلی کورد و مرۆڤایەتی زیندوو کردەوە"

ئایشە ئەفەندی ئاماژەی بە مانا و گرنگی ساڵیادی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان کرد و وتی: وەک ژنانی کورد چیتر ناتوانین ئەم دۆخەی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ بکەین، پێویستە دەستبەجێ ڕێبەر لەم دۆخە ڕزگاری بێت، لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ ژیانەوەی گەلی کورد بوو، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەو ڕاستییە بکات، گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە دۆخێکی خراپدا بوون هەتا ئەو کاتەی دەتوانین بڵێین دوای ئەو ڕاپەڕینانەی کە دامرکانەوە، بوونی کوردەکان لە لێواری لەناوچووندا بوو، ڕێبەر ئاپۆ تۆوی مانەوەی گەلی کوردی چاندووە، کە چەندین ساڵە ئەم تۆوانە گەشە دەکات و بەرهەم دەهێنێت، دایکە ئوەیش بە ڕەحمی خۆی ڕزگاری گەلی کورد و مرۆڤایەتی زیندوو کردەوە.

 

"ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی مرۆڤایەتییە"

ئایشە ئەفەندی لە کۆتایی قسەکانیدا داوای زیادکردنی خەباتی کرد و وتی: ئەگەر هێزە هەژمۆنییەکانی ئەمڕۆ شەڕی ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ بکەن و ڕۆڵی خۆیان لە قووڵکردنەوەی گۆشەگیریدا ببینن، ئەوە مانای ئەوەیە کە لە بیری ڕێبەر ئاپۆ و پرۆژەکانی تێگەیشتوون و بۆ خۆیانی بە مەترسیدار دەزانن، ئەو هێزانەی کە نایانەوێت ڕێبەر ئاپۆ لەناو گەلەکەیدا بژی، دەزانن کە بە دەرکەوتنی ئەو گۆڕانکاری لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا ڕوودەدات،. لەبەر ئەم هۆکارە، وەک گەلی کورد، ژنان و گەنجان، دەبێت خۆمان لە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ قووڵتر بکەینەوە، ماوەی ٢٦ ساڵە بە هیوای ئازادی گەلەکەی خۆی بەرخۆدان دەکات، هەروەها پێویستە بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دژی پیلانگێڕییەکان تێکۆشان بکەین و گۆشەگیری لە ئیمراڵی تێکبشکێنین.