ژاپۆن... ژمارەی گیان لەدەستدان بە بوومەلەرزەکە گەیشتە ٢١٣ کەس

ژمارەی گیان لەدەستدانی بوومەلەرزەکەی ١ی کانوونی دووەم لە ژاپۆن گەیشتە ٢١٣ کەس و هێشتا دەیان کەس بێسەروشوێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

بارودۆخی خراپی کەشوهەوا و داخستنی ڕێگاکان بەهۆی بوومەلەرزەکەی ١ی کانوونی دووەم لە ژاپۆن کە گوڕەکەی ٧.٦ پلەی ڕێختەر بوو، بوونەتە هۆی ئەوەی ئاستەنگی بۆ تیمەکانی فریاکەوتن دروست ببێت و هەزاران کەس لە ناوچە دوورەکاندا گیریان خواردووە.

 

کاربەدەستانی ژاپۆن ئەمڕۆ ١١ی کانوونی دووەم ڕایانگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدانی بوومەلەرزەکەی نیمچە دوورگەی نۆتۆ لە پارێزگای ئیشیکاوا گەیشتە ٢١٣ کەس، تیمەکانی فریاکەوتن هێشتا بەدوای ٥٢  کەسدا دەگەڕێن کە بێسەروشوێنن.

 

کاربەدەستان ئاماژەیان بەوە کردووە، زیاتر لە ٥٦٧ کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هێشتا چارەسەریان بۆ دەکرێت، زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس هێشتا لە ٤٠٠ پەناگەدا دەخەون، بەهۆی داخستنی ڕێگاوبانەکان و خراپی کەشوهەواو کاربەدەستان هێشتا نەیانتوانیوە بگەنە زیاتر لە سێ هەزار کەس.