٢٠٢٣ ؛ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان ٤٠٠ ملیۆن هێکتار زەوی سووتاوە

ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكان لە ساڵی ٢٠٢٣، بووەهۆی سووتانی نزیكەی ٤٠٠ ملیۆن هێكتار زەوی، زیاتر لە ٢٥٠ كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە بابەتێکی دەربارەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی لە ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی ٢٠٢٣ كوشندەترین ساڵ بوو لە سەدەی ٢١دا بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكان، بەپێی ئاماری نێودەوڵەتی كارەساتەكانی زانكۆی لوڤان، بەلایەنی كەمەوە ٢٥٠ حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆماركراوە: لە مانگی ئابدا بەهۆی ئاگركەوتنەوەكانی هاوایەوە ٩٧ كەس گیانیان لەدەستداوە و ٣١ كەسیش بێسەروشوێنن، لە جەزائیر ٣٤ كەس و بەلایەنی كەمەوە ٢٦ کەسیش لە یۆنان  گیانیان لەدەستداوە.
 

كیشوەری ئەمریكا شاهیدی وەرزی ژمارەیەكی پێوانەیی ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان بوو كە ٨٠ ملیۆن هێكتار زەوی لەناوبرد، ئاگركەوتنەوەی شاخەكانی كەنەدا بە پلەی یەكەم هۆكاری ئەم زیادبونە بوون، بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكان ١٨ ملیۆن هێكتار زەوی لەناوچوون.


پاولین فیلان كارلۆتی، جوگرافیناس و پسپۆڕی ئاگركوژێنەوە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، ئەو ئاگرانەی كە بەهۆی بارودۆخی وشكتر و گەرمترەوە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا دروستدەبێت، "ناتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت" لەڕێگەی "سیاسەتێكی ئاگركوژێنەوە كە سەلماندوویەتی بێكاریگەرە، وتووشیوتی: چیتر ناتوانین لە بارودۆخی ئێستادا بە ئامرازە مرۆییەكانی بەردەست مامەڵە لەگەڵ ئاگركەوتنی دارستانەكان بكەین، لێرەشەوە گرنگی كاركردن لە ڕەگی كێشەكەوە لەڕێگەی خۆپارێزییەوە دێتە ئاراوە.

 

ئەمساڵ جگە لەو ناوچانەی بەزۆری تووشی ئاگركەوتنەوە دەبن وەك حەوزی دەریای ناوەڕاست "یۆنان، ئیتاڵیا، تونس، جەزائیر..."، ئەمریكای باكوور و ئوسترالیا، ناوچەكانی دیكە بەهۆی ئاگركەوتنەوەكانی وەك هاوایی و تێنریفی وێران بوون، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە مەترسیدان.

 

لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئاگركەوتنەوەكان، كاتێكی كەمتر دەبێت بۆ گەشەكردنی ڕووەكەكان و دارستانەكان توانای هەڵمژینی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنیان لەدەست دەدەن.


سۆلین توركوێتی، توێژەر لە تاقیگەی لاتمۆس، كە تایبەتە بە لێكۆڵینەوە لە پرۆسەی فیزیایی و كیمیایی لە بەرگەهەوای زەویدا، ئاماژەی بەوەکردووە، توێژینەوەكانی ئەم دواییە مەزەندە دەكەن كە ئاگركەوتنەوەكان نزیكەی ١٠٪ هەڵگرتنی كاربۆن كە گازی گەرمخانەیە كەمدەكاتەوە.

 

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان نزیكەی ٦.٥ ملیار تۆن دووەم ئۆكسیدی كاربۆنیان دەركردووە، بەپێی سیستمی بەڕێوەبردنی زانیاری ئاگری جیهانی، بە بەراورد بە ٣٦.٨ ملیار تۆن لە بەكارهێنانی سووتەمەنی بەردینی "نەوت، گاز، خەڵوز..." وچیمەنتۆ، بە گشتی نزیكەی ٨٠٪ی ئەو كاربۆنەی كە بەهۆی ئاگركەوتنەوەی كێوییەكانەوە دەردەچێت، لەلایەن ئەو ڕووەكانە هەڵدەمژرێتەوە كە لە وەرزی دواتردا دووبارە گەشە دەكەنەوە، ئەو ڕێژەیەی كە دەمێنێتەوە بەشدارە لە بەرزكردنەوەی كەڵەكەبوونی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە بەرگەهەوادا، دەبێتە هۆی خراپبوونی گەرمبوونی كەشوهەوا.


جگە لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، ئاگری دارستان و ڕووەك كۆمەڵێك گەردیلەی زیانبەخش دەردەدەن، لە یەكەم ئۆكسیدی كاربۆنەوە تا زنجیرەیەكی درێژی گازی تر یان ئایرۆسۆڵ "خۆڵەمێش، كاربۆنی ڕەش، كاربۆنی ئۆرگانی".

 

دانیشتووانی وڵاتە هەژارەکان ڕووبەڕووی پیسبوونی هەوا دەبنەوە

توێژینەوەیەك كە گۆڤاری تایبەتمەند "Nature" لە مانگی ئەیلولدا بڵاویكردووەتەوە، دەركەوتووە كە دانیشتوانی هەژارترین وڵاتانی هەژار، بەتایبەتی ئەفریقای ناوەڕاست، زیاتر بەرەوڕووی پیسبوونی هەوا دەبنەوە كە لە ئەنجامی ئەم ئاگركەوتنەوانەوە دروست دەبێت.

 

ئەفریقا حاڵەتێكی تایبەتە
ئەفریقا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زۆرترین زیانی بەركەوتووە بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكان و نزیكەی ٢١٢ ملیۆن هێكتار سووتاوە، بەڵام پاولین ڤیلاین كارلۆتی وتی: نابێت گرنگییەكی ئەوتۆ بەم ئاگركەوتنەوە ئەفریقایانە بدرێت، چونكە ئەم ژمارەیە ڕەنگدانەوەی گەورە نییە، بەڵكو ژمارەیەكی زۆر لە ئۆپەراسیۆنی بچووكی "سووتاندنی كشتوكاڵی"یە، كە كارێكی نەریتیین كە زیان بە ناوچە دارستانییەكان ناگەیەنن چونكە كۆنترۆڵ دەكرێن و بە شێوەیەكی وەرزی ئەنجام دەدرێن، كاریگەرییان لەسەر گیا و گیاندارە ناوخۆییەكان هەیە، بەڵام لە ماوەی مامناوەنددا دارەكان دووبارە گەشە دەكەنەوە، كە ڕێگە بە نوێبوونەوەی ڕووەك دەدات و فرەچەشنی گوڵەكان زیاد دەكات.