"لە ئێران حکومەت خۆی توندوتیژی دژی ژنان ڕێکدەخات"

شەمشە جەلالی، داکۆکیکاری مافەکانی ژنان ڕایگەیاند کە ژنان لە ئێران لە منداڵییەوە بە هۆی هەڵاواردن لە بنەماڵەدا تووشی توندوتیژی دەبنەوە و وتی: ئەم حکومەتە خۆی توندوتیژی دژی ژنان ڕێکدەخات.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەر- شەمسە جەلالی، داکۆکیکاری مافی ژنان لە بارەی توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بە ژنان ئاماژەی بەوەدا، لە ئێراندا ژنان لە منداڵییەوە ڕووبەڕووی جۆرەها توندوتیژی دەبنەوە لە خێزانەکەیاندا، تا ئێستا کوڕان شانازی خێزانەکانن و کچانیش جیاکارییان بەرامبەر دەکرێت.

 

"کوڕان وەک درێژەپێدەری بنەماڵە سەیر دەکرێن"

شەمسە جەلالی ئاماژەی بەوەدا کە کوڕان وەک "بەردەوامی هێڵ" سەیر دەکرێن و  وتی: کوڕ وەک یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ پاراستنی ناوی بنەماڵە سەیر دەکرێت، واتە کوڕ ناوی بنەماڵەکە بە زیندووی دەهێڵێتەوە و درێژە بە هێڵەکە دەدات، کوڕان لە خێزانەکاندا بەهایان زیاترە و ئەم جۆرە جیاکارییە ڕەگەزییە لە پیاوەوە دەگوازرێتەوە بۆ ژنان، ژنان بەبێ ئەوەی بزانن بەردەوامن لەو ڕۆتینەی کە کۆمەڵگەی پیاوسالاری بەسەریاندا دەسەپێنێت.

 

"ئازادیی جوڵەی زیاتر بە کوڕان دەبەخشن"

شەمسە جەلالی ڕایگەیاند، توندوتیژی خێزانی بەرامبەر بە ژنان زیان بە هەردوو خێزان و منداڵ دەگەیەنێت، چونکە هەندێک لە خێزانەکان، مەودای فراوان بە کوڕان دەدەن کە ئازادانە لە ماڵ و شوێنە گشتییەکاندا مامەڵە بکەن، بەڵام کچان ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە وەک هاوسەرگیری زۆرەملێ و سنووردارکردنی تواناکانیان، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی هەندێک کێشەی دەروونی و ژنەکە بێ پاراستن دەمێنێتەوە.

 

"ژن لە خێزانەکەدا دەکوژرێن"

شەمسە جەلالی ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان لەناو خێزاندا، بە ناوی "شەرەف"ەوە لەلایەن کەسوکاریانەوە دەکوژرێن و بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دۆخەش، شەمسە جەلالی دەڵێت: بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببینەوە، پێویستە زانیاری لەسەر ڕاهێنانی هۆشیاری و جێبەجێکردنی یاسا و چارەسەری هەبێت، زۆربەی ئەو ژنانەی تووشی توندوتیژی دەبن، بە هۆکاری جۆراوجۆر نایانەوێت ئەو توندوتیژییە ئاشکرا بکەن، ئاشکراکردنی توندوتیژی، سکاڵاکردن لە دادگا، چوونە لای ڕاوێژکار و دەروونناس لەو کارانەن کە پێویستە دوای توندوتیژی ئەنجامبدرێن، بنچینەی ئەم کۆمەڵکوژییانە ڕەشبینی و پێشوەختە بڕیاردانی نەتەوەیی و کولتووری و ئایینییە، بۆ نموونە بەپێی مادەی ٦٣٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی، 'ئەگەر پیاوێک بینی ژنەکەی زینا لەگەڵ کەسێکی نامۆدا دەکات، دەستبەجێ بیانکوژێت'، بەم پێیەش یاساکە ڕێگەی بۆ ئەو جۆرە کوشتنانە خۆش کردووە.

 

"حکومەت خۆی توندوتیژی دژی ژنان ڕێکدەخات"

شەمشە جەلالی سەرنجی بۆ سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە زیادکردنی توندوتیژی دژی ژنان ڕاکێشا و لە کۆتاییدا وتی: لە ئێراندا پۆلیسی ئەخلاقی بە ئاسانی دەتوانێت توندوتیژی بەرامبەر بەو ژنانەی کە یاساکانی ستەمکاری پەیڕەو ناکەن، بەکاربهێنێت، وتیشی: توندوتیژی دژ بە ژنان لە ئێران لەژێر سەرپەرشتی حکومەتدا زیاتر بووە، لە ڕاستیدا خودی ڕژێمی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک توندوتیژی جەستەیی، دەروونی، ئابووری و سیاسی دژ بە ژنان ئەنجام دەدات، یاساکانی ئەم کۆمەڵگەیە جیاکاری لە دژی ژنان دەکەن، عەقڵیەتی پیاوسالاری لە بوارەکانی وەک ژیانی کار و پەروەردەدا هەڵاواردنی ڕەگەزی بڵاودەکاتەوە و توندتر دەکات، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم حکومەتە خۆی توندوتیژی دژی ژنان ڕێکدەخات.