ژنانی سلێمانی: دابونەریت هۆکاری بێدەنگبوونی ژنانە لە ئاست توندوتیژیەکان

زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری ودابوونەریت وای کردوە ترسێک لای ژنان دروست بکەن و لە کاتی توندوتیژیەکاندا نەتوانن بێنە دەنگ لەسەر مافەکانیان.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان لە کۆمەڵگەدا ڕووی لە زیادبوونە و بەشێک لە ژنان بێ دەنگن لە ئاست ئەم توندوتیژیانەدا، وەک خۆیان باسی لێودەکەن، لەبەر ئەو دابونەریتەی زاڵە بەسەر کۆمەڵگە داخراوەکاندا بێدەنگن و کۆمەڵگە توندوتیژییەکانیان پێ قبوڵە بەرامبەر ژنان ئەنجام بدرێت، بەڵام پێیان قبوڵ نییە لە پێناو داواکردنی مافەکانیان داوای جیا بوونەوە بکەن، چونکە بە عەیبەی دادەنێن، بۆیە ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە دەبنە زیانبەرکەوتووی دەستی کۆمەڵگە.

 

"دابونەریت وایکردوە ژنان بترسن و بێدەنگ بن بەرامبەر توندوتیژیەکان"

دیە جەزا، دەرچووی زانکۆیە و سەبارەت بەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن و بێدەنگ لە ئاستیدا وتی: لە ئێستادا ڕۆژ نییە گوێمان لە کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر ژنان نەبێت لە هەواڵەکاندا، دەڕۆینە سەر هەر بابەتێک سەیر دەکەین مافی ژنانی پێشێل کردوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆری ژنان بێدەنگن لە ئاست ئەم توندوتیژیانەدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابونەریتی کۆمەڵگە کە ژنان ترسێنراون و ناتوانن بێنە دەنگ لەسەر مافەکانیان، هەرچەندە بوارەکانی ژیان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام دابوونەریت وای کردوە بۆ ژنان عەیبە بێت ئەگەر ڕووبەڕووی توندوتیژیەکان بوەستنەوە.

 

"بێدەنگ بوونی ژنان بەرامبەر توندوتیژیەکان کاریگەری لەسەر منداڵەکانی دەبێت"

دیە جەزا ڕوونی کردوە، بێدەنگبوونی ژنان بەرامبەر توندوتیژییەکان زیانی بۆ خۆیان هەیە و دەبێتە هۆی سنوردار کردنی مافەکانیان و وا دەکات نەتوانن لە هیچ لایەنێکدا قسە بکەن، هەروەها وادەکات لایەنی بەرامبەر زیاتر توندوتیژیەکانی ئەنجام بدات، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی هەیە لەسەر منداڵەکانی ئەو خێزانەی توندوتیژی تیادا دەکرێت و وا لە تاکەکان دەکات، لە دوا ڕۆژدا لەسەر مافەکانیان نەیەنە دەنگ، بۆیە ژنان نابێت توندوتیژیەکان قبوڵ بکەن، بەڵکو دەبێت بەهێز بن و ڕووبەڕووی هەموو پێشێلکاریەک بوەستنەوە.

 

"کۆمەڵگە توندوتیژیەکانی سەر ژنانیان پێ قبوڵە لە جیابوونەوەکەی"

ڕێژنە ساڵح، کارمەندی تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد، توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنانی کۆمەڵگە ڕووی لە زیادبوون کردوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دابونەریتی کۆمەڵگە کە هەموو شتێک بە عەیبە دەزانێت بۆ ژنان، بۆیە هەر ژنان دەبن بە بەرکەوتە، ژنان بە شێوەیەک ترسێندراون لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ناتوانن بێنە دەرەوە بۆ کار کردن، یان کاتێک ژنان لە ژیانی هاوژینیان سەرکەوتوو نابن و پیاوان توندوتیژی دەکەن بەرامبەریان خێزانەکان ناهێڵن ژنان جیاببنەوە پێیان دەڵێن ئەو توندوتیژیانە قبوڵ بکە باشترە لەوەی پێت بڵێن ژنێکە جیابووەتەوە لە هاوژینەکەی، چونکە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا جیابوونەوەی ژنان بە عەیبە دەزانن، بۆیە پێویستە ژنان ئەو توندوتیژیانە قبوڵ نەکەن کە دەکرێتە سەریان و لەو کاتەشدا خێزانەکانیان پاڵپشتیان بکەن.

 

"توندوتیژی کردن بەرامبەر ژنان کەوتوەتەوە سەر خودی تاک"

ژوان شەریف، ژنێکی گەنجی دیکەیە و ئەوەی خستەڕوو، لە ئێستادا کاتێک سەیری کۆمەڵگە دەکەین دەبینین توندوتیژیەکان ڕووی لە زیادبوون کردوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆسەر خودی تاک، کاتێک تاکێک لە خێزانێکی تێگەیشتوو و ڕۆشنبیرەوە دێت بێگومان ڕێز لە ژنان دەگرێت و توندوتیژیان بەرامبەر ناکات،  چونکە دەزانێت دایک و خوشک و خێزانی ژنە، وە کاتێک ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت نابێت بتسرێن و بێدەنگ بن، ئێستا دادگا هەیە دەتوانن داوای مافەکانی خۆیان بکەن.

 

دەشڵێت: زۆر جار کەوتووەتەوە سەر خێزانەکان هەندێک خێزان ڕێگە بە ژنان دەدەن قسە بکەن، لە هەمان کاتیشدا هەندێک خێزان ناهێڵن بە هیچ شێوەیەک ژنان قسە بکەن و دەنگیان کپ دەکەن، ڕێزگرتن سەرەتا کەوتووەتەوە سەر تاک، دواتر خێزان ئینجا کۆمەڵگە، وە ژنان کاتێک توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لەلایەن هاوژینەکانیانەوە خێزانی یەکەمی ڕێگە نادەن جیا ببنەوە، بۆیە پاڵپشتی کردنی خێزان لە ژنان گرنگە بۆئەوەی توندوتیژیەکان کەم ببنەوە، چونکە زۆرجار ژنان کە خێزانەکانیان پاڵپشتیان ناکەن و توندوتیژیان لەگەڵ دەکرێن، وا دەکات پەنا ببەنە بەر خۆکوشتن.

 

لە کۆتاییدا وتیشی: ژنان دەبێت هۆشیار بن و توندوتیژیەکان قبوڵ نەکەن، هەروەها پیاوانیش هۆشیار ببنەوە و کاتێک خۆیان لە خێزانێکی توندوتیژەوە دێنە ناو کۆمەڵگەوە نابێت خۆشیان توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجام بدەنەوە.