فێستیڤاڵی گەشتیاری گەلانی ئێران لە پارکی بەهمەن بەڕێوەچوو

مەهسا م.، یەکێک لە ژنە خاوەنکارەکانی فێستیڤاڵی گەلانی ئێران، وتی: شێوازی سەیرکردنی خەڵک هەندێک جار زۆر بێزارم دەکات، بەڵام بەو پێیەی دەمەوێت سەربەخۆ بم، ئامادەم هەموو شتێک تێبپەڕێنم.

شەبنەم تاوەکولی

 

تاران- یەکەمین فێستیڤاڵی گەشتیاری گەلانی ئێران لە ناوچەی ١٦ی تاران لە پارکی بەهمەن بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەڕێوە دەچێت، ئەم فێستیڤاڵە پێشانگای کاری دەستی و خواردنە ناوخۆییەکان لەخۆدەگرێت و ژنانی خاوەنکار پێشەنگی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەن.

 

جەمیلە وهلکەی ٥٢ ساڵ، خەڵکی پارێزگای گوڵستانە و باسی لەوەکرد، کاتێک تەمەنی ١٣ ساڵ بووە، باوکی کۆچی دوایی کردووە و لە منداڵییەوە لەگەڵ دایکیدا دەستی بە کار کردن کردووە، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە و ناچار بووە کاریش بکات، ساڵانێکە بە کاری هونەری چنینەوە سەرقاڵە و بژێوی خۆی دابین دەکات.

 

مەهسا.م، تەمەنی ٢٨ ساڵە و لە ١٥ ساڵییەوە کاردەکات و دەڵێت: سەربەخۆبوون زۆر قورسە، بەتایبەتی ئەگەر بەتەنها بیت و کەس بەم شێوەیە یارمەتیت نەدات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداری زۆرێک لە فێستیڤاڵەکانم کردووە، هەندێکجار شێوازی سەیرکردنی خەڵک زۆر بێزارم دەکات، بەڵام بەو پێیەی دەمەوێت سەربەخۆ بم، ئامادەم هەموو شتێک تێبپەڕێنم.