ژینگەی هەڵەبجە: هەوڵی وشککردنی "خاتوون شا" دەدرێت

فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات، کەسانی نابەرپرس هەوڵی وشککردنی دارێکی بەتەمەنی شارەکەیانداوە کە بە "خاتوون شا" ناسراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە ڕایگەیاند، لیژنەی سەرپێچییە ژینگەییەکانی فەرمانگەکە بە یاوەری هاوشارییەکی خەمخۆری ژینگه دارێکی بەتەمەنیان لە بەرزاییەکانی پشتی گوندی چاوگ بەسەر کردەوە.

 

ئاماژە بەوە کراوە، دارەکە "خاتوون شا"ی پێدەوترێت، دارێکی بەتەمەنە و قەدێکی گەورەی هەیە، کەسانی نابەرپرس تەنیشت دارەکەیان هەڵکۆڵیوە و بەشێکی ڕەگەکەیان بڕیوە، بۆ ئەوەی داببڕێندرێت لە خاکەکە و بەرەو وشک بوون بچێت، سەرباری ئەوەش هەوڵی سووتاندنی ناو دارەکەش دراوە.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنەی سەرپێچی ژینگەیی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە ڕێکاری ئیداری دەگرێتەبەر و هەوڵی پاراستنی دارەکە دەدات.