بەپێی توێژینەوەیەک گۆڕانی کەشوهەوا باران و لافاوی لە چەند وڵاتێک زیاد کردووە

گروپێكی توێژینەوەی نێودەوڵەتی ئاشکرایدەکەن، گۆڕانی كەشوهەوا وایكردوە دووبارەبونەوەی لافاو كە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە ناوچەی دەریای ناوەڕاستدا بیندراون زۆر زیاتر بێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ١٠ی ئەیلوولدا زریانی دانیال لیبیای گرتەوەو دوو بەنداو لە چیاكانی سەروی بەندەری دەرنا داڕمان و ناوچەیەكی بەرفراوانی شارەكەی گرتەوەو هەزاران کەس گیانیان لەدەستداو وێرانکاری لێکەوتەوە.


گروپی شیكاری كەشوهەوای جیهانی ئەنجامی توێژینەوەكەیان بڵاوكردەوە و ڕایانگەیاند، ڕەنگە گەرمبوونی جیهان بەهۆی مرۆڤەوە ئەگەری بارانبارینی بەخوڕی لەو جۆرە لە وڵاتانی وەك یۆنان و بولگاریاو توركیا ١٠ هێندە زیاد كردبێت.


ئاماژە بەوەشكراوە، ئەگەر بیناكان یان بەنداوەكانی ئەو ناوچەیەی بەر لافاو كەوتوون چاككردنەوەیەكی باشیان نەبێت، ئەگەری هەیە بارودۆخی خراپی كەشوهەوا بگۆڕێت بۆ كارەساتێكی مرۆیی، هەروەها لێكۆڵینەوەكە داتای كەشوهەوای شیكردووەتەوەو بەراوردی كردوە لەگەڵ هاوشێوەكردنی كۆمپیوتەر بۆ جیهانێك كە گەرمبوونی گۆی زەوی تێدا نیە كە لە كۆتایی سەدەی ١٨ەوە پلەی گەرمی زەوی بەڕێژەی ١.٢ پلەی سەدی بەرز كردووەتەوە.


فریدریك ئۆتۆ، توێژەری كەشوهەوا لە كۆلێژی ئیمپریال لەندەن ڕایگەیاندوە، پێوانەكردنی بەشداری گەرمبوونی جیهان لە لافاوەكاندا ئەستەمە، بەپێچەوانەی شەپۆلی گەرمای وێرانكەرو ئاگركەوتنەوەی دارستانەكانی ناوچەكە.


ئاماژەی بەوەشكردوە، دەریای ناوەڕاست شوێنێكی گەرمی مەترسییەكانی كەشوهەوایە كە پەیوەندییان بە گۆڕانی كەشوهەواوە هەیە، دەبێت خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی نالەباری كەشوهەوا لە ناوچەكەدا بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بكرێت بۆ پاراستنی ژیان لە داهاتودا.