چەند ڕێگایەک بۆ چارەسەری خەمۆکی بەسوودن
ئەو کەسانەی بەدەست خەمۆکیەوە دەناڵێنن، هەندێک چارەسەری وەک وەرزش و گرنگی دان بە تەندروستی ئەگەری باشبوونیان زیاد دەکات.

ناوەندی هەواڵ
خەمۆکی نەخۆشییەکی دەروونییە کە ملیۆنان کەس لە جیهاندا پێوەی دەناڵێنن، ئەم نەخۆشییە جگە لە باری دەروونی، تەندروستیی لەشیش تێک دەدات و ڕێگە خۆش دەکات بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی دیکەی درێژخایەن.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە چەند خوویەکی دیاری کردووە مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی کەم دەکەنەوە، ئەوانیش:
-خەوێکی تەندروست: لە شەوێکدا ۷-۹ کاتژمێر خەوتن، ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی بە ٌێژەی ۲۲٪کەمدەکاتەوە، یادەوەری بەهێز دەکات و ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بەهێزبوونی سیستمی بەرگری لەش.
-وەرزشکردن: ئەو کەسانەی بە بەردەوامی وەرزش دەکەن، کەمتر تووشی تێکچوونی تەندروستی دەروونی دەبن، چالاکی لەشیی کاریگەرترە لە دەرمان لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی خەمۆکی.
-خۆراکی تەندروست: پەیڕەوکردنی سیستمێکی ڕووەکی پڕ لە سەوزە، توو، دانەوێڵە، پرۆتینی بێ چەوری، فاسۆلیا و گوێز، یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی تووشبوون بە خەمۆکی دەدات.
-جگەرە نەکێشان: تووتن ڕێگەیەکی تەندروست نییە و زیان بە دەروون دەگەیەنێت، بۆیە وازهێنان لێی لە خەمۆکی دوورت دەخاتەوە.
-سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان: سەرنجڕاکێشی تەکنەلۆژیا دەبێتە هۆی ئەوەی کاتێکی زیاتر لەبەردەم شاشەکاندا بەسەر ببەیت، ئەمەش زیان بە تەندروستی لەش و دەروونی دەگەیەنێت.
-پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان: بەسەربردنی کات لەگەڵ ئەو کەسانەی خۆشمان دەوێن، یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی باری دەروونی.