ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان: هەزار و ٢٠٠ منداڵ لە کامپەکانی پەنابەرانی سودان گیانیان لەدەستداوە

کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، گیانلەدەستدانی هەزار و ٢٠٠ منداڵی لە نۆ کامپی پەنابەرانی سودان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ڕێکخراوی کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان- UNHCR ئاشکرای کرد، هەزار و ٢٠٠ منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە کامپەکانی پەنابەرانی سودان لە نێوان مانگەکانی ئایار و ئەیلولدا بەهۆی نەخۆشی سورێژە و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

ئەو ململانێیەی لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە لە سودان هەڵگیرساوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم حەوت هەزار و ٥٠٠ کەس و ئاوارەبوونی پێنج ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی سودان.

 

ئالن مینا، بەرپرسی تەندروستی گشتی لە کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پشتڕاستی کردەوە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، نزیکەی هەزار و ٢٠٠ منداڵ لە نۆ کامپی پەنابەران لە سودان بەهۆی نەخۆشی سورێژە و بەدخۆراکی گیانیان لەدەستداوە و ڕەنگە تا کۆتایی ئەمساڵ دەیان هەزاری دیکەش گیان لەدەستبدەن.