لە کۆیە وانەبێژان گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان دەکەن
بە دروشمی "واز لە بن دیوار بێنن، وانەبێژ دامەزرێنن" وانەبێژانی شاری کۆیە و دەوروبەری گردبوونەوە.

ئەڤین جبرائیل
کۆیە- پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، وانەبێژانی شاری کۆیە و دەوروبەری گردبوونەوە و داوایانکرد، کە ئەو بەڵێنانەی لە ڕابردوودا پێیاندراوە بۆ دامەزراندنیان جێبەجێ بکرێت.
لە گردبوونەوەکەدا وانەبێژان دروشمی "واز لە بن دیوار بێنن، وانەبێژ دامەزرێنن" و "وەک چۆن پەروەردە ئەرکمانە، دابمەزراندن مافمانە"، "واز بهێنن لە چەک، قەڵەم دابمەزرێنن" بەرز کرایەوە.
گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ چەند هەفتەیەکە بەردەوامە و بڕیارە سبەینێ دووبارە گردببنەوە، هەروەها ئەمڕۆ مامۆستایان، چالاکوانان و ڕۆشنبیرانی شاری کۆیە بۆ پشتیوانی لە وانەبێژان، بەشداری گردبوونەوەکەیان کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە ١٣ی ئەیلوولەوە زەنگی کردنەوەی قوتابخانەکان لێدراوە، بەڵام مامۆستایان و وانەبێژان بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان بۆ ماوەی دوو مانگ، بایکۆتی چوونە ناو هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە.