لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینیدا بازاڕەکان داخراون و مانگرتنی سەرتاسەرییە
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە پەیوەست بوون بە مانگرتنەکانەوە، لە کاتێکدا چەند مانگێکە دوکانداران ئاگادار دەکرێنەوە کە نابێت بەشداری مانگرتن بکەن و دوکانەکانیان دابخەن.

سنە
١٦ی ئەیلوول، هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی، چەند ڕۆژێکە هەموو لایەن و ڕێکخراوە کوردییەکان بانگەوازییان کرد پێکەوە بەشداری مانگرتنی سەرتاسەری ببن و لەو ڕۆژەدا دوکان و بازاڕەکان دابخەن، ئەمڕۆش زۆرینەی بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوکانەکانیان داخران و بەشداری مانگرتن بوون.
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شاری سنەشەوە، جارێکی دیکە پەیوەست بوون بە مانگرتنەکانەوە، لە کاتێکدا چەند ڕۆژێکە ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی تەلەفون و بانگکردنیان بۆ ئیتلاعات، بەڵێننامەیان پێ پڕدەکەنەوە و هەڕەشە لە دوکانداران دەکەن کە نابێت دوکانەکانیان دابخەن و بەشداری مانگرتن بکەن.
لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکاندا، سنە مانگرتنی تەواوەتی ڕاگەیاندووە و نەک هەر دوکاندارەکان بەڵکو هەموو شەقامەکانی شار لە خەڵک چۆڵ بوون و ئەمەش نیشانەی بەڵێنی ئازادی گەلە بە شەهیدان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.
دیواندەرە
هەروەها لە شارەکانی دیکەی وەک، سەقز، مەریوان، دیواندەره، بۆکان، شنۆ، ڕوانسەر، جوانڕۆ، بانه، کامیاران، دێگولان، پاوە مانگرتن ڕاگەیەندراوە.