وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا: هەر سێ ڕۆژ جارێک ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەکوژرێت
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کوشتنی ژنان بڵاو کردەوە و ئاشکرایکرد، لە ساڵی ٢٠٢٢دا هاوشێوەی ساڵی ٢٠٢١ هەر سێ ڕۆژ جارێک، ژنێک لەلایەن هاوژینەکەی یاخود هاوژینی پێشووییەوە کوژراوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/09/20230904-daojakl-jpg4ec919-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە دواین ڕاپۆرتیدا وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا، کە ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو هەزار و ١٨٨ ژن بە دەستی هاوژین یان هاوژینی پێشووییان کوژراون، ڕێژەکە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بە جێگیری ماوەتەوە.
هەرچەندە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژەی بە ئامارەکانی ٨ مانگی ئەمساڵ نەکردووە، بەڵام بەپێی زانیاریی میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، ڕۆژی ٢٩ی ئاب ژنێکی ٤٢ ساڵان لەلایەن هاوژینەکەیەوە بە بەرچاوی خەڵکەوە کوژرا و بەوەش ٧٧ ژن لە ماوەی ٢٠٢٣دا لەو وڵاتە کوژراون.
بکوژی ژنە ٤٢ ساڵانەکە پێشینەی تاوانی هەیە و بە ئەنجامدانی توندوتیژیی خێزانیی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە، بەڵام زیندانیی نەکراوە.
زیادبوونی ژنکوشتن زۆرینەی هۆکاری سزا نەدانی تاوانبارانە و تاوانباران زیندانی ناکرێن و بە ئاسانی لەدەست یاسا دەردەچن.