بەهۆی لافاوەوە لە تاجیکستان ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ هەزار کەسیش لە چین ئاوارەبوون

بەهۆی لافاوەوە لە تاجیکستان ١٣ کەس گیانیان لەدەست دا و دەسەڵاتدارانی چینیش بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لەو وڵاتە زیاتر لە سێ هەزار کەسیان لەناوچەیەکدا گواستەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ دەسەڵاتدارانی تاجیکستان بڵاویانکردەوە، ئەو بارانبارینە زۆرەی کە لە ژمارەیەک ناوچەی ئەو وڵاتە ڕوویدا، بووەتە هۆی لەدەستدانی ١٣ کەس کە ١١ کەسیان لە شاری وەهدەت بوون، ئەمڕۆش سەرۆکایەتیی تاجیکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بارانبارینی بەخوڕ کارەساتی سروشتی لە شاری وەهدەت لە ڕۆژئاوای دوشانبێی پایتەخت و ناوچەی ڕودکی لە باشووری پایتەختی پایتەختی وڵاتەکەی دروستکردووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لافاوەکە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ١٣ کەس و ١١ کەسیان لە شاری وەهدات و دوو کەسیش لە ناوچەی ڕوداکی بوون، داواش کراوە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر بۆ نەهێشتنی لێکەوتەکانی ئەو کارەساتە سروشتییە.

 

شارەزایانی کەشناسی ڕایانگەیاند، پێشتر هۆشدارییان دابوو کە لە نێوان ٢٧-٢٨ی ئاب کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت.

 

لافاو لە چین دروستبوو

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی شینوای چینی ڕایگەیاندووە، لە شەممەی ڕابردووەوە بارانبارینی بەخوڕ لە باکووری ڕۆژئاوای هونان باریوە، کە دەستپێکردنی کاردانەوەی بەپەلەیە بۆ لافاو لە پارێزگاکانی سەنگشی و شیمێن و یۆنگشون و شاری ژانگجیاجی.

 

بارانبارینی بەخوڕ بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە ناوچە نزمەکانی ناوچەی سەنگشی و بەشێک لە شوێنی نیشتەجێبوونی گوندنشینان ژێرئاو کەوت، بارانبارینی بەخوڕ بەدرێژایی ڕووباری لیشوی بەهۆی لافاوەوە هاتوچۆی ڕاگرت و زۆرێک لە ڕێگاکانی پارێزگا و شارۆچکەکان لە پلەی جیاوازی داڕماندا بوون.