فەڕەنسا ١٠ ژن و ٢٥ منداڵی لە کامپی هۆلەوە گەڕاندەوە وڵاتەکەی

فەڕەنسا ١٠ ژن و ٢٥ منداڵی خێزانی چەتەكانی داعش کە هاوڵاتی وڵاتەکەین لە کامپی هۆلەوە بۆ پاریس گەڕاندەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەدوای ئەوەی دانیمارک سێ داعشی هاوڵاتی وڵاتەکەی گەڕاندەوە، کە لە کامپەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوون، ئەمەریکا بانگی لە وڵاتانی دیکە کردو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئامادەیە دەستگیرکراوەکانی داعش بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، دوابەدوای ئەوە فەڕەنساش بەردەوامە لە هەوڵەکانى بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەى ١٠ ژن و ٢٥ منداڵی گەڕاندەوە، كە خێزانی چەتەكانی داعش بوون کە بە ڕەگەز فەرەنسیبوون.

 

 

لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەکردووە، بە هاوكاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا  ١٠ ژن و ٢٥ منداڵییان لەكامپی هۆل گەڕاندوەتەوە بۆ پاریس، هەروەها منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی تێدایەو ئەو منداڵانە ڕادەستی دەزگا پەیوەندیدارەكان كراون بۆ دابینكردنی چاودێری كۆمەڵایەتی، هەروەها خێزانی چەتەكانی داعش ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری و لایەنی پەیوەندیدار كراون.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ١٠ ژنە فەڕەنسییە خۆبەخشانە چوونەتە ئەو ناوچانەی كە چەتەكانی داعش لە عێراق و سووریا كۆنترۆڵی كردبوون، دوای ئەوەی ڕاگەیاندرا كە دەسەڵاتی چەتەكانی داعش لە ناوبرا ئەو ژنانە دەستگیر كران.

 

لە كۆتاییدا وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، سوپاسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا كرد، بەهۆی ئەو هاوكارییە زۆرەی فەڕەنسای كرد، لە گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی فەڕەنسا لە كامپی هۆل.