"شەهیدکردنی هەر ئازادیخوازێک ئێمە سورتر دەکات لەسەر خەباتەکەمان"
لە مەراسیمێکدا بە بەشداری ئازادیخوازان تەرمی حسێن ئاراسان، کە لە شاری سلێمانی تیرۆر کرا، بەرەو قەندیل بەڕێکرا، ئەندامێکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت: "لەگەڵ شەهیدکردنی هەر ئازادیخوازێک ئێمە سورتر دەبین لەسەر خەباتەکەمان".
سلێمانی
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە شاری سلێمانی بە مەراسیمێک و بەشداری ئازادیخوازان و کەسوکاری، تەرمی شەهید حسێن ئاراسان، کە بەرەبیانی ٩ی حوزەیران لە شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورکەوە تیرۆر کرا، بەرەو قەندیل و مەنزڵی بە خاک سپاردنی بەڕێکرا.
لە مەراسیمەکەدا ئازادیخوازان ئیدانەی ئەو تیرۆرکردنەی شەهید حسێن ئاراسانیان کرد و دووپاتیان کردەوە کە ئەم هەوڵانە نایان ترسێنێت و بێ دەنگ نابن لە داواکردنی مافەکانی خۆیان و بەڵێنیاندا درێژە بە خەباتی شەهیدان بدەن.
موسا چیفچى، وتەبێژى ڕێکخراوى کرێکارانى میزۆپۆتامیا، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە ماوەى دوو ساڵدا دەیان هاوڕێمان لە سلێمانى لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە بریندار کراون و کوژراون، لە هەولێر و دهۆکیش بە هەمان شێوە چەندین هاوڕێمان کوژران و بریندار کران، بەڵام تا ئێستا بکەرانى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر نەکراون و سزاى یاسایی نەدراون، لەکاتێکدا ئێمە پەنابەرى سیاسین و پێویستە بپارێزرێین.
موسا چیفچی باسی لەوەشکرد، "لە سلێمانى ژمارەیەکى زۆر کامێراى چاودێرى هەیە و پێویستە بکوژان بدۆزرێنەوە، هەرچەندە بەشێک لە ئەنجامدەرانى تاوانەکان دواى هێرشەکان ڕوو دەکەنە هەولێر و لەوێ دەپارێزرێن"
"شەهیدکردنی ئازادیخوازان خەباتی ئێمە سورتر دەکات"
سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئیدانەی تیرۆرکردنی شەهید حسێن ئاراسان دەکەین کە بە دەستی دەوڵەتی تورکیا شەهید کرا، ئەمە یەکەم شەهید نییە و کۆتا شەهیدیش نابێت، نەیارانی کورد هەمیشە هەوڵی کپکردنی دەنگی ئازادیان داوە لە باشووری کوردستان و لە خەباتی ئازادیخوازان ترساون، دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانیش هەنگاوێکە بۆ بەردەوام بوون لە شەهیدکردنی ئازادیخوازان.
وتیشی: دەسەڵاتداران لە باشووری کوردستان ڕێگەیان خۆشکردووە بۆ دوژمنانی کورد تا بە ئاسانی دەستیان بە ئازادیخوازان بگات و شەهیدیان بکەن، هەروەها حزبە ئیسلامییە سیاسیەکانیش پشتگیری لە ئەردۆغان دەکەن، بەڵام ئەم هەوڵانە نابێتە هۆی ساردکردنەوەی ئێمە، بەڵکو لەگەڵ شەهیدکردنی هەر ئازادیخوازێک ئێمە سورتر دەبین لەسەر خەباتەکەمان و درێژە بە ڕێبازی ئەوان دەدەین، پێویستە خەڵکی باشوروی کوردستانیش بێنە دەنگ و چیتر ئەم زوڵمە قبوڵ نەکەن.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٩ی حوزەیران لە بەردەم دەرگای نوسینگەی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە هێرشێکی چەکداریدا حسێن ئاراسان، کە پەنابەرێکی سیاسی باکووری کوردستان بوو، بریندار کرا، ڕۆژی ١٠ی حوزەیران لەبەر سەختی برینەکەی گیانی سپارد.