کوێستان محەمەد: ئامانجمانە گەنجان ببنە خاوەن کار

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دەیانەوێت گەنجانی هەرێمی کوردستان هانبدەن ببن بە خاوەن کار و پیشەی خۆیان.

ناوەندی هەواڵ


کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ لەمیانی کردنەوەی سەنتەری ڕاهێنانی پیشەیی لە چەمچەماڵ ڕایگەیاند، ئامانجیان لە کردنەوەی ئەم جۆرە سەنتەرانە و گرنگیدان پێیان بۆ ئەوەیە گەنجەکان فێری پیشەی جیاجیا بکەن و بتوانن لەگەڵ خۆیاندا چەند کەسێکی دیکەش دابمەزرێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان بەشداری خولە جیاجاکانی سەنتەرەکانی سەر بەو وەزارەتە دەکەن و ٣٠٪ی ئەو گەنجانەی بەشدارییان لە خولەکاندا کردووە ئێستا خاوەن پیشە و کاری خۆیانن.
 

ئەوە لە کاتێکدایە گەنجانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەهۆی بێکارییەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و زۆربەی کات ناچارن ڕوو لە وڵاتانی دیکە بکەن بۆ کارکردن، ئەوانەشی خوێندن تەواو دەکەن لە لایەن حکومەتەوە پشتگوێ خراون و ماوەی ١٠ ساڵە هیچ دامەزراندنێک بوونی نییە.