ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریە و پێشێلکردنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە

٣ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە، ئەوە لە کاتێکدایە، کە لە کوردستان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی تورکیا و ئێران پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ساڵی ١٩٩١دا ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور بەمەبەستی پشتگیریرکردنی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی پێشنیاری دیاریکردنی ڕۆژێکی بەناوی "ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی ئازاد"ی دایە نەتەوە یەکگرتووەکان، یونێسکۆی نەتەوە یەکگرتووکان لە ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢دا، ڕۆژی ٣ی ئایاری بە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی پەسەند کرد و هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا جەخت لە ڕاگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆ دەکرێتەوە.

 

"ئازادی ڕادەربڕین وەک پاڵنەرێک بۆ هەموو مافەکانی دیکەی مرۆڤ"

بۆ ئەمساڵی ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕاگەیاندن کە یادی ٣٠ ساڵەی بڕیارەکەیە، ڕێکخراوی یونسکۆ بۆنەیەکی تایبەت لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕێکدەخات،

دروشمی ئەمساڵ بریتییە لە "دیاریکردنی داهاتووی مافەکان: ئازادی ڕادەربڕین وەک پاڵنەرێک بۆ هەموو مافەکانی دیکەی مرۆڤ" ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئازادی ڕادەربڕین توانای هەیە بۆ پاراستنی هەموو مافەکانی تر.  

 

هەروەها ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەوانی ساڵی ٢٠٢٣ دەبێتە بۆنەیەک بۆ بەخشینی خەڵاتی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەوانی یونسکۆ/گیلێرمۆ کانۆ، کە ڕێز لە بەشدارییەکانی ڕۆژنامەنووسان دەگرێت، بەتایبەتی ئەوانەی ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ دابینکردنی زانیاری گرنگ بۆ خەڵک.

 

تورکیا و ئێران و هەرێمی کوردستان مافەکانی ڕۆژنامەنووسان پێشێل دەکەن

یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی ئازادی ڕۆژنامەگەری لەمساڵدا لەکاتێکدایە، سەدان ڕۆژنامەنووس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە زینداندان و ماوەی هەفتەیەکە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی پاکتاوی سیاسیدا زیاتر لە ١٥٠ کەس دەستگیرکراون و دەیان ڕۆژنامەنووسیان تێدایە، حکومەتی تورکیا بە دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن هەوڵ دەدات ڕۆژنامەگەری ئازاد دابخات و ڕۆژنامەنووسان بێدەنگ بکات.

 

لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێرانیش کە ماوەی ٨ مانگە لەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیپێکردووە و بەردەوامە، ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران هەموو فشارێک بەکاردەهێنێت و بۆ بێدەنگ کردن و ترساندنی ڕۆژنامەنووسان و دەستگیریان دەکات و دەیانخاتە زیندانەوە.

 

لە باشووری کوردستانیش دەسەڵات بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕۆژنامەگەری ئازاد، ڕۆژنامەنووسان بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کە جیاوازی لە یاسای کاری ڕۆژنامەوانی سزا دەدات و دەیانخاتە زیندان، هەروەها تۆمەتی تیرۆریان دەداتە پاڵ و ڕێگە نادات کەناڵە جیاوازەکانی ڕاگەیاندن کە سەربەخۆیانە کاردەکەن لە پایتەخت و ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندان درێژە بەکاری ڕۆژنامەوانی بدەن.

 

لەهەر کاتێکدا کە ململانێیەکی سیاسیی هەبێت، یاخود لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا، ڕۆژنامەنووسان بەهۆی گواستنەوەی ڕووداوەکانەوە بەردەوام دەبنە قوربانی و دەستبەسەر دەکرێن.