نوسینگەیەکی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە شارەدێی ڕزگاری کرایەوە

نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە شارەدێی ڕزگاری کرایەوە و چالاکوانان باس لە بەرزی ئامارەکان دەکەن، بەڵام بەهۆی ئاشکرا نەکردنییەوە لەلایەن لایەنی فەرمییەوە، بە شاراوەیی ماوەتەوە.

گەرمیان

 

لە مەڕاسیمێکدا نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان کرایەوە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا، لە شارەدێی ڕزگاری هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان هەبووە و دوای تەواوبوونی ڕێکارە ئیدارییەکانی، هاوشێوەی شارۆچکەکان، هۆبەکە کرا بە نوسینگە .

 

بەپێی ئامارەکانی بڵاوکراوەتەوە، لە شارەدێیەکە ساڵی ڕابردوو بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ کەیسەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان کەمی کردووە، بەشێوەیەک: لە ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە (٢٣٠ بۆ ٢٤٠) کەیسی یاسایی تۆمار کراوە، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢ کەمی کردووە بۆ (٢١٠) کەیس، هەروەها لە ماوەی چوار مانگی ڕابردووشدا (٣٠ بۆ ٤٠) کەیسی توندوتیژی تۆمار کراوە.

 

ئامارەکان زیاترن لەوەی ئاشکرا دەکرێن

بەپێی ئامارەکە لە شارەدێی ڕزگاری توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کەمی کردووە، بەڵام چالاکوانان باس لەوە دەکەن، کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، بەڵام بەهۆی ئاشکرا نەکردنیان لە میدیا و لەلایەن لایەنە فەرمییەکان، بە تایبەت دوای بڕیارەکەی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ کە وەزارەتی ڕۆشنبیری قەدەغەی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن و خۆکوشتنی کرد، ئامارەکانی کوشتنی ژنان بە شاراوەیی ماوەتەوە و وەها دەردەکەوێت کە ئامارەکان کەمی کردووە.