لە سەمسور نازانرێت کێ مردووە، کێ لە ژیاندایە و کێ بێسەروشوێنە

لە سەمسور کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی بەرکەوتووە، مردووەکان وەک زیندوو پیشان دەدرێن، زیندووەکانیش وەک مردوو تۆمار دەکرێن، ژنێک 'مووچەی بێهاوژینی'ی وەرگرتووە، چونکە مێردەکەی وەک مردوو تۆمار کراوە. تا ئێستا نازانرێت چەند ژن لەم دۆخەدا دەژین.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- لە شاری سەمسوری باکووری کوردستان بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات وێرانکاری نایەوە، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاگوزاری لە کاتی خۆیدا دەستی پێنەکرد و هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا، ئەوانەی ڕزگارکران، بەتایبەت منداڵان، بەشێکیان بێ سەروشوێن بوون، هیرانور تومساڤاشی تەمەن ١٢ ساڵ کە لە ژێر دارووپەردوودا ڕزگار کرا دواتر بە خێزانەکەی وترا کە دەبرێتە نەخۆشخانە، بەڵام لەو ڕۆژەوە ماوەی چەند هەفتەیەکە بێسەروشوێنە و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نییە.

 

خێزانەکەی بۆ دۆزینەوەی هیرانور نمونەیDNA یان داناوە

فۆندا ئۆزناجار باسی لەوەکرد بۆ ئەوەی برازا ونبووەکەی بدۆزێتەوە، هیچ نەخۆشخانە و ناوەندێک نەماوە نەگەڕابێت، ئەو دامەزراوە فەرمیانەی کە چوونەتە لای وتوویانە "لە هیچ شوێنێک تۆمارێکی دیارنەمانی نییە"، ڕایگەیاند، دوێنێ نمونەی DNAیان داناوە تا هیرانور بدۆزنەوە، مامی هیرانور وتوشیەتی کە هیرانور نە لە گۆڕستان و نە لە نەخۆشخانەیە، پێدەچێت برابێتە تەریقەتەکان بێت و ئەمەش وەک دڕندەییە.

 

هیچ وەڵامێک لەلایەن مەنزلەوە بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە!

مەنزل یەکێکە لەو ناوچانەی کە تۆمەتی ڕفاندنی منداڵە ونبووەکانی لەسەرە، بەپێی زانیارییەکان منداڵێکی زۆر لە شارەدا هەیە و لە ژێر چادرەکاندا وانەی قورئان لەلایەن دەزگای دیانەت دەدرێت بە منداڵان، باس لەوە دەکرێت کە لە گوندەکەدا منداڵان لەسەر ئاستی مەدرەسە پەروەردە دەکرێن.

 

ئەو کەسانەی لەلایەن خەڵکەوە دەنێژرێن، وەک مردنی ئاسایی تۆمار دەکرێن

والییەکانی دەرسیم، ئەرزنجان و سەمسور هەفتەیەک لەمەوبەر لەگەڵ پارێزگار و سکرتێری ڕۆژئاوا کۆبوونەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە گیانیان لەدەستداوە، ئەو کەسانەی لە یەکەم ڕۆژەکانی بوومەلەرزەکەدا لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە وێرانە دەرهێنراون و لەلایەن خێزانەکانیانەوە لە باخچەی ماڵ و گوند و گۆڕستانەکانیاندا بە خاک سپێردراون، وەک 'مردنی سروشتی-ئاسایی' تۆمارکران، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە دەستکەوتوون، ئەم مردنە سروشتیانە ناخرێنە ناو داتاکانەوە. لە یەکەم شیکاری داتادا دەرکەوت کە لە کۆی ٤١ تەرمی نەناسراو و بێناسنامە، ناسنامەی ٣ کەس دەستنیشانکراون و کاری ناسینەوەی ٣٨ کەسەکەی دیکە بەردەوامە.

 

هاوژینەکەی لە ژیاندا بوو، بە فەرمی وەک مردوو تۆمار کرا

چوار هەزار کەس کە خۆیان ماون و کەسوکاریان لەدەستداوە، لەلایەن فەرمانگەی دانیشتووانەوە وەک مردوو تۆمارکراون، دوای ئەو کارە هەڵەیە. لە بەردەم فەرمانگەی دانیشتووان کە مردووەکان بە زیندووی و زیندووەکان بە مردوو تۆمار دەکەن، خەڵکێکی زۆر کۆبوونەتەوە و داوای ڕاستکردنەوەی هەڵەکە دەکەن، ژنێک کە چاوپێکەوتنمان لەگەڵدا کرد لەسەر ئەو بابەتە وتی: خزمێکی من دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی ناسنامە و زانیاری کەسوکارە مردووەکەی وەربگرێت، لە تۆمارەکەدا کەس نەبووە، بەڵام ناسنامەکەی خۆیان بە مردوو تۆمار کردووە، دەبینێت لە سیستمی دەوڵەتیشدا "مووچەی بێهاوژینی" بۆ بڕاوەتەوە.