لە بابل ژنێک و سێ ئەندامی خیزانەکەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژران
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای بابل ڕایگەیاندووە، پیاوێك هێرشیكردووەتە سەر ماڵی باوکی هاوژینەکەی و لە ئەنجامدا چوار ئەندامی ئەو ماڵەی كوشتووە کە هاوژینەکەشی تێدایە.

ناوەندی هەواڵ
بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی بابل بۆ ڕاگەیاندنەکان، شەوی ڕابردوو ٢٨ی شوبات، لە ناوچەی تەهمازیەی بابلی عێراق پیاوێک کێشەی لەگەڵ هاوژینەکەیدا هەبووە، هێرشیکردووەتە سەر ماڵی باوکی هاوژینەکەی و چوار ئەندامی ئەو خیزانەی کوشتووە، کە هاوژینەکەشی یەکێکە لە کوژراوەکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبارەكە لەكاتی هێرشەكەیدا دەستڕێژی گوللـەی كردووە و لەئەنجامیشدا، هاوژینەکەی و باوک و دایک و برای هاوژینەکەی كوشتووە.
دوای ڕووداوەكە ئەو تۆمەتبارە بەرەو شوێنێكی نادیارهەڵهاتووە، هێزە ئەمنیەكان بەپشت بەستن بە كامێراكانی چاودێری لێكۆڵینەوەی وردیان بۆ دەستگیركردنی دەستپێكردووە.