کامپی سەردەم  ٣٠٠ چادریان داناوە بۆ زیان لێکەوتووانی بوومەلەرزەکە

سەرەڕای توانا سنوردارەکانی دانیشتوانی کامپی سەردەم لە کانتۆنی شەهبا، ئیدارەی ناو کامپەکە چەندین خێزانی وەرگرتووە، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئەو خێزانانەی کە لە ناوچەکانی زیانلێکەوتووەوە دێن، بۆ کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەنجومەنی عەفرین-شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کار بۆ فراوانکردنی کامپی سەردەم دەکەن و ٣٠٠ چادری نوێیان دانا بۆ ئەو خێزانانەی لە بوومەلەرزەکەدا زیانیان بەرکەوتووە.

 

بەهۆی دوو بوومەلەرزەکەی ٦ و ٢٠ی شوبات زیاتر لە ٣ هەزار خێزان لە شاری حەلەبەوە ڕوویان لە کانتۆنی شەهبا کردووە، سەرەڕای توانا سنوردارەکان و گەمارۆکانی حکومەتی دیمەشق زیاتر لە پێنج ساڵە بەسەر بایکۆتەکەدا سەپێنراوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەوڵ دەدات دەرفەتی ژیان بۆ خەڵک دابین بکات.

 

نەسرین سلێمان، ئەندامی ئەنجومەنی عەفرین-شەهبا وتی: ئەو بوومەلەرزەیە زیانێکی زۆری بە شاری حەلەب گەیاند، بۆیە دەرگاکانمان بەڕووی خەڵکی زیانلێکەوتوودا کردەوە بۆ ئەوەی لە کامپەکانی ئاوارەکاندا لە کانتۆنی شەهبا پارێزراو بن، بۆ ئەمەش ئێمە کامپی سەردەم فراوانتر دەکەین و کاردەکەین بۆ دانانی ٣٠٠ چادر بۆ جێگیرکردنی خێزانە زیانلێکەوتووەکان.

 

هاوکات نەسرین سلێمان باسی لەو سەختییانە کرد کە بەهۆی کەمی دەرفەتەکانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، وتی: ئێمە بەدەست کەمی دەرفەت و پێداویستییەوە دەناڵێنین، چونکە چادر کەمن و بەشی هەموو زیانلێکەوتووەکان ناکات، لە ناوچەکەدا خۆراک و پێداویستی پزیشکی و سووتەمەنی کەمە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی زستان بۆ ناو چادرەکان بە ئەستەم دابین دەکرێت.

 

داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دەستوەردان بکەن بۆ کردنەوەی دەروازەکان تا یارمەتییەکان بگەنە ناو کانترۆنی شەهبا.
 

مەلیک عەلوش، لە شاری حەلەبەوە هاتووە و لە کامپی سەردەمدا دەژی، وتی: کاتێک بوومەلەرزەکە شاری حەلەبی گرتەوە، نەماندەزانی چۆن خۆمان و منداڵەکانمان بپارێزین، هاوار و قیژەی خەڵک بەتایبەتی منداڵەکان ناوچەکەی پڕ کرد، بۆیە چووینە کامپەکانی کانتۆنی شەهبا، چونکە ژیانی ئێمە لە چادرەکاندا سەلامەتترە لەو ناوچانەی کە بوومەلەرزە تێیدا ڕوویدا.

 

مەیادە عەلی، ڕزگاربووی بوومەلەرزەکە و دانیشتووی کەمپی سەردەمە ڕایگەیاند، "کاتێک بوومەلەرزە ماڵەکەمانی گرتەوە لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، نەماندەزانی چی بکەین و چۆن خۆمان بپارێزین. بۆ یەکەمجار بوو هەستمان بەم ترسە زۆرە کرد، لە ترس و لەرزدا لەناو بارانێکی زۆر و سەرمادا لە شەقامەکەدا ماینەوە، هەربۆیە لە شاری حەلەبەوە هاتین بۆ شەهبا بۆ ئەوەی خۆمان لە ژێر چادرەکاندا بپارێزین.

 

مەیادە ئاماژەی بەوەشکرد، "ئیدارەی خۆسەر هەموو پێکهاتەکانی لە باوەش گرت لەگەڵ ڕوودانی بوومەلەرزەکەدا، هاوکاری و هەموو ئەو شتانەی بۆ دابینکردین کە پێویستمانە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر چادری نوێ بۆ ئێمە دانرا بۆ ئەوەی تێیدا بژین و خۆمان بپارێزین، ئیدارەی خۆسەر تا ئێستاش بەردەوامە لە فراوانکردنی کەمپی سەردەم و دانانی چادرێکی نوێ بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، مەیادە عەلی ئاماژەی بەوەدا، "پێشکەشکردنی هاوکاری لەلایەن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و پاڵپشتیکردنی سەرجەم پێکهاتەکانی سوریا، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هیچ چارەسەرێک بۆ سوریا و ئەو قەیرانەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، جگە لە جێبەجێکردنی بنەماکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک نییە، کە گرنگترینیان پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانە".