لە ژنانی سودانەوە پشتیوانی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە

ژنانی سودانی بۆ پشتگیریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لە خەرتومی پایتەخت ستاندیان دانا و ئەو ژنانەی هاوکارییەکان کۆدەکەنەوە بە زووترین کات دەیگەیەننە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە.

مایسا ئەل-قادی

 

خەرتوم- کۆمەڵە و ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ژنانی سودانی بۆ پشتیوانی لە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، دوێنی لە خەرتومی پایتەختی سودان ستاندیان دانا.

د. سوها کەمال، سکرتیری گشتی یەکێتی ژنان و هاوژینانی بیانی سودان لەبارەی ئەو هەڵوێستەوە وتی: ئەم ستاندە بۆ پشتگیری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە کراوەتەوە، بەزووترین کات سەردانی ئەو ناوچانە دەکەین کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەم ناوچانەدا یارمەتی و پەناگە دابین دەکرێت هاوکات پشتیوانی ئابووریش دەکرێن.

 

"ئێمە بە دوای ڕێگەی هاوکاریدا دەگەڕێین بۆ سوریا"

سوها کەمال، ئاماژەی بەوەدا، لە بوومەلەرزەکەدا دوو هاوڵاتی سودانی گیانیان لەدەستداوە و وتی: لە کاتی دەستپێکردنی کارەساتەکەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی سودان و کۆمەڵگەی سودانی دەستمان بە کارکردن کردووە بۆ پاراستنی ژنانی سودانی لە تورکیا، سەرەتا پێمان وترا کە هەموو کەس باشە، بەڵام دواتر زانیمان کە ژنانی سودانی بێسەروشوێنن، وترا کە ژنێکی سودانی گیانی لەدەستداوە، پەیوەندی لەگەڵ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە سوریا سەختە، ئێمە بەدوای ڕێگەکان دەگەڕێین بۆ گەیشتن بە یارمەتی لەوێ.

 

"دەچینە ئەو ناوچانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتوە"

حوسێن وەدا، سەرۆکی ڕێکخراوی گەشەپێدانی جەساری سوریا کە ئامادەی کردنەوەی ئەو ستاندە بوو سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزەکە کرد و ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دەچنە ئەو ناوچانەی بەهۆی بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

"یەکگرتن ئازارەکە کەم دەکاتەوە"

ئاواتەف عەبدول باری، یەکێک لە بەشداربووانی هاوکارییەکە، تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەو هاودەنگییە و وتی: ئەم هاوکاریە ئازاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ئاسان دەکات، چەندین ڕێکخراوی ناوخۆیی، لەوانە ڕێکخراوی پەنابەران بۆ خۆبەخشەکان، بەشدارییان لەو ستاندەدا کرد، بەزووترین کات پشتیوانی ماددی و مەعنەوی خۆمان دەدەینە ناوچەی بوومەلەرزەکان.

 

ئومیمە حەسەن، بەشداربوویەکی دیکەیە و وتی: کاتێک ئەم هەواڵەمان بیست، وامان دانا کە بوومەلەرزەیەکی ئاساییە، ئێمە پێشبینی ئەوەمان نەدەکرد کە کارەساتەکە زۆر گەورە بێت.