دەوڵەتی تورکیا ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی قوربانیانی بڵاونەکردووەتەوە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام ئاماری نوێی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات بڵاودەکرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی زیانەکان بڵاونەکراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی ٩ ڕۆژە ئاماری قوربانیانی بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی مەڕەش و دیلۆک بوو، بەردەوام بەرز دەبێتەوە، ژمارەی گیان لەدەستداوان بە هەزارانن و ژمارەیەکی کەم لەم ڕۆژانەدا بە زیندووی ڕزگار دەکرێت، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن لە هەندێک ناوچە بەردەوامە و لە هەندێک شوێنیش سەرباری مانەوەی چەندین کەس لە ژێر داروپەردوودا، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکان کۆتاییان دێت و دەچنە ناوچەیەکی دیکە.

 

لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردندا زیانەکان لە مەڕەش تا دێت قورستریش دەبێت، لەلایەکی دیکەوە تا ئێستا کار لەسەر ئەو سەدان وێرانە دەستی پێنەکراوە کە دەیان هەزار کەس لە ژێریاندا ماونەتەوە، لە ڕۆژانی یەکەمی بوومەلەرزەکەدا، تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی وڵات و بەرپرسانی حکومەت هەموو کاتژمێرێک ئاماری نوێیان بڵاودەکردەوە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی ٢٤ کاتژمێر ئاماری نوێی زیانەکان بڵاونەکراوەتەوە.

 

بەپێی دوایین ئاماری ئافاد کە بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا ٣١ هەزار و ٩٧٤ کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە.