حەلەب، بەهۆی گەمارۆوە زیانی بوومەلەرزەکە زیادیکردووە

بەردەوامی گەمارۆدانی لیوای چواری حکومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، ئازاری ئەو کەسانە زیاتر دەکات کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

میدیا میقتاد

 

حەلەب- گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە پارێزراو نەبوون لەو بوومەلەرزەیەی ٦ی شوبات تورکیا و سوریای گرتەوە و زیانی هەزاران قوربانی لێکەوتەوە.

 

تا بەرەبەیانی ڕۆژی ٨ی شوبات نزیکەی هەزار و ٢٠٠ خێزان لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەوە ڕوویان لە کانتۆی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد، بەڵام ئەو کۆچکردنەش بەهۆی گەمارۆدانی ڕێگای نێوان شاری حەلەب و کانتۆنی شەهبا سەلامەت نییە.

 

هەڤین سلێمان، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، ڕوونیکردەوە، ئەو بوومەلەرزەیەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی گرتەوە، زیانی زۆری بە ژیان و ژێرخانی ژیان گەیاند، گەمارۆدانی ئەو دوو گەڕەکە ئازاری ئەو کەسانەی زیاتر کرد کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوت.

 

هەڤین سلێمان وتیشی: زۆربەی دانیشتووانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بە زۆر ئاوارەبوون لە شاری عەفرین، کە لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوەکانیەوە داگیرکرابوو، لە دوای شەڕیش ناچاربوون لە باڵەخانە وێران و زیانلێکەوتووەکاندا بژین، خەڵک بەدەست ژیانی دوای داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە دەناڵێنێت، گەمارۆکانی بەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەشدا سەپێنراوە، ئازارەکانی خەڵکی زیاتر کردووە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی بەسەر دانیشتووانەکەیدا لە ٢٢ی کانوونی دووەمدا، چونکە نەبوونی کەرەستەی پزیشکی و بێتوانایی لە پێشکەشکردنی هاوکاری لەلایەن شارەکانی دیکەوە بۆ دەرهێنانی قوربانییەکان لە ژێر داروپەردووی بیناکە، ڕووداوەکەی گەورەتر کردبوو.

 

هەڤین سلێمان داوایکرد کە فشار لە حکومەتی دیمەشق بکرێت بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی بەردەوامی سەر دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە و کانتۆنی شەهبا، بۆ ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی کەرەستەی گەرمکەرەوە و دەرمانی پزیشکی و یارمەتی فریاگوزاری، چونکە زیانی بوومەلەرزەکەش گەورەیە و خەڵک پێویستیان بە هاوکاری هەیە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، ئەنجومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، سەرەڕای گەمارۆکان هاوکاری خەڵک دەکەن و شوێنی سەلامەتیان بۆ دابین دەکەن بۆ مانەوە لە قوتابخانە و مزگەوتەکاندا.

 

جێی ئاماژەیە دوێنێ، ٨ی شوبات بارهەڵگرێکی هاوکاری مرۆیی کە لەلایەن مانگی سووری کوردییەوە دابینکرابوو، گەیشتە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، کە بەتانی و چادری هەڵگرتبوو بۆ ئەوەی لە حەوشەی چۆڵ و دوور لە باڵەخانە بەرزەکان دابنرێن، تا خەڵکی ئاوارە و بێ ماڵەکان تێیدا بمێننەوە و لە زیان دووربن.

 

فەهیمە حەمۆ، ئەندامێکی هەماهەنگی کۆنگرەی ستار و ئەندامی لیژنەی خۆبەخش لەگەڵ مانگی سووری کورد، وتی: گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە شاهیدی کارەساتێکی گەورە بوون، بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ خەڵکی زیانلێکەوتوو و ڕزگاربووانی ئەو بوومەلەرزە، هەماهەنگی کۆنگرەی ستار لەگەڵ مانگی سووری کوردی پەناگە و یارمەتییە مرۆییەکانی دەستەبەرکرد، چادر لە گۆڕەپانەکانی ئەشرەفییە دانران، زۆرینەی خەڵک چوونەتە قوتابخانە و هۆڵی هاوسەرگیری و مزگەوتەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە داڕمانی ئەو بینایانە بپارێزن کە خەریکە دەڕوخێن، دوای ئەوەی درزیان تێدا دروست بووە.

 

لە کۆتایشدا وتی: داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان دەکەین کە هاوکاری خەڵکی حەلەب بکەن و لە مەترسی و کارەساتەکانی دیکە بیانپارێزن.