شارەکانی باکووری کوردستان بەفرە و ئاستەنگی بۆ بەهاناوەچوون دروستدەکات
لە بەشێکی شارەکانی باکووری کوردستان کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی بەرکەوتووە بەفرە و ڕێگای بەهاناوەچوون ئاستەنگ کراوە، گوندێکی ئەلبستانیش هیچ پەیوەندییەک نەماوە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/02/20230207-20230206-eeee-jpeg0fe15b-image-jpgce7b5e-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە بەشێکی شارەکانی باکووری کوردستان کە بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانی بەرکەوتووە بەفرە و ڕێگای بەهاناوەچوون ئاستەنگ کراوە، گوندێکی ئەلبستانیش هیچ پەیوەندییەک نەماوە، ڕزگاربووانی بوومەلەرزەکە لە ناوچەی ئەلبیستان وتیان، بە تەواوی پەیوەندییان پچڕاوە و بەهۆی بەفر و تەمەوە ڕێگاکان گیراون.
زیان لێکەوتووانی بومەلەرزەکە ڕایگەیاندووە، لە دوای کاتژمیر ٤ی دوای نیوەڕۆی دونێوە زانیارییان پێگەیشتووە، کە نزیکەی ٣٤-٤٠ بینا لە گوندی قەرە حەسەن ئوشاگی لە ناوچەی ئەلبیستان ڕووخاون، لە گوندەکانی ئاتمالکاشانلی و حەسەنلی ماڵەکان ڕووخێندران و خەڵکەکە بەبێ پەناگە لە ناو سەرما و بەفردا ماونەتەوە.
لەبەر ئەوەی پردی گوندی حەسەنلی ڕووخاوە و بەهۆی بەفر و بۆرانەوە نەتوانراوە هیچ پەیوەندیەک دروست بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی تورکیا دۆخی کەشوهەوای ئەو ١٠ شارەی باکووری کوردستان و تورکیای بڵاوکردەوە، کە بوومەلەرزە تێیاندا تۆمارکراوە؛ لە بەشێکیان پلەی گەرمی دەگاتە خوار سفری سەدی و بەگشتیش لە شارەکان باران و بەفرە.
بەگوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ، ٧ی شوبات لە دووەم ڕۆژی دوای بوومەلەرزەکە، کەشوهەوای هەریەک لە پارێزگاکانی مەلاتیا و سەمسوور بەفراوییە و پارێزگای ئامەد و رەحا و کلیس باران دەبارێت، شارەکانی دیکەش بەگشتی هەوراوین و ئەگەری بارانبارین تێیاندا، لە پاشنیوەڕۆوە دەستپێدەکات.