٤ ملیۆن کەس لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی کەمی خۆراک دەبنەوە

نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی یارمەتییە مرۆییەکان (OCHA) وێڕای نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی کەمی خۆراک لە ئەفغانستان، ڕایگەیاند کە چوار ملیۆن کەس لە وڵاتەکەدا بەدەست کەمی خواردنەوە دەناڵێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی یارمەتییە مرۆییەکان (OCHA) لە تویتێکدا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ڕێژەی بەرزی کەمی خۆراک لە ئەفغانستان و ڕایگەیاند کە ٤ ملیۆن کەس لەم وڵاتەدا بە توندی بەدخۆراکییان هەیە، کە لەو ژمارەیەش زیاترن لە ٣ ملیۆن کەس منداڵن و ٨٤٠ هەزاریان ژنی دووگیان و شیردەرن.

 

بەپێی ئاماری ئەم ڕێکخراوە مرۆییە، ٨٧٥ هەزار منداڵ بە توندی بەدخۆراکییان هەیە و ژیانیان لە مەترسیدایە و ٢ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار منداڵی دیکەش تاڕادەیەک بەدخۆراکییان هەیە.

 

دوای ڕووخانی حکومەتی ئەفغانستان بە دەستی تاقمە ئیسلامییە توندڕەوەکەی تاڵیبان و سەرهەڵدانی ئەم گروپە تیرۆریستییە، کە هیچ کام لە ئەندامەکانیان لە حکومەت و بەپرسیانی خوێندەوار نین، دۆخی ئابووری ئەفغانستان زیاتر بەرەو خراپی دەڕوات.

 

هەروەها زۆربەی ڕێکخراوە مرۆییەکان دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەکردنی کاری ژنان لە فەرمانگە و ڕێکخراوەکاندا چالاکییە مرۆییەکانیان ڕاگرت و ئەمەش بارودۆخی خەڵکی ئەفغانستانی لەم زستانە سەختەدا خراپتر کردووە.