گرفت و لایەنە ئەرێنییەکانی کەرتی پەروەردە هەڵسەنگێندرا

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پەروەردە، لە شاری سلێمانی کۆڕبەندێک لە ژێر دروشمی " بە پەروەردە، دەرگا کۆڵمدراوەکانی ژیان دەکرێنەوە" ئەنجامدرا بۆ ئاماژەدان بە شکست و گرفت و لایەنە ئەرێنییەکانی کەرتی پەروەردە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢٤ی کانوونی دووەم، تیمی پەروەردەی ڕێکخراوی ئازادبوون بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی پەروەردە، لە شاری سلێمانی کۆڕبەندێکی لە هۆڵی خاک بە دروشـمی "بە پەروەردە، دەرگا کۆڵمدراوەکانی ژیان دەکرێنەوە" ڕێکخست.

 

کۆڕبەندەکە بۆ ئاماژەدان بە شکست و گرفت و لایەنە ئەرێنییەکانی کەرتی پەروەردە بە بەشداری کەسانی پسپۆڕ ئەنجامدرا، لە پانێڵی یەکەمدا باس لە فەلسەفەی پەروەردە و هەنگاونان بۆ بەرەوپێشخستنی پەروەردە کرا. 

 

پانێڵی دووەم، لەلایەن کوردە ئەحمەد بەڕێوەبرا، "ژینە عەزیز، د.موئمین زەڵمی، ئارام سدیق" لە پانێڵەکەدا بابەتیان پێشکەشکرد و دەربارەی فێرخوازانی ئۆتیزم، پەروەردە لە سەردەمی نوێ و ژینگەی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کرد.

ژینە عەزیز، یەکێک لە پانێڵیستەکانی پانێڵی دووەم دەربارەی نەخۆشی ئۆتیزم لە منداڵان و ئاستی هۆشیاری لە هەرێمی کوردستان وتی: لە ساڵی ١٩١٠وە لە جیهان نەخۆشی ئۆتیزم ناسێندراوە، بەڵام تا ساڵی ٢٠١٣ لە هەرێمی کوردستان هیچ توێژینەوەیەکی ئاست بەرز بوونی نەبوو کە بتواندرێت سوودی لێببیندرێت، بۆیە ناچاربووین سوود لە سەرچاوە و توێژینەوەی وڵاتانی دیکە ببینین.

 

کوردە ئەحمەد، کۆمەڵناس کە پانێڵی دووەمی بەڕێوەبرد دەربارەی کۆڕبەندەکە وتی: کۆڕبەندێکی پەروەردەیمان ئەنجامدا بۆ ئاماژەدان بە شکست و گرفت و لایەنە ئەرێنییەکانی کەرتی پەروەردە، لە ڕێگەی پانێلیستەکانەوە توانرا گفتوگۆ بکرێت و زۆربەی بەشداربووانیش توانیان بەشداری بکەن و سەرنج و تێبینییەکانیان بخەنە ڕوو تا بتواندرێت سوودی لێببینرێت، پرسی پەروەردە پرسێکی گشتگیرە و پرسی هەموو تاکێکی ناو کۆمەڵگەیە، چونکە پرسی پێگەیاندنی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیە و بۆ  بەدەستهێنانی ئامانجەکان پێویستی بە پشوودرێژی و ئارامگری و هەوڵی بەردەوام هەیە.

 

"مامۆستایان ڕۆڵێکی گرنگ لە بواری پەروەردە دەبینن "
سارا بێباک، خوێندکاری زانکۆ وەک یەکێک لە بەشداربووان ئاماژەی بەوەدا گرنگە لە کۆڕبەند و سیمینارەکان تەنها ئەو کەسانە کۆنەکرێنەوە کە ساڵانێکە لەو بوارەدا کاردەکەن و ئەزموونیان هەیە، بەڵکو پێویستە مامۆستایانی تازە و خوێندکاران بەشداری پێبکرێن و قسەیان لێوەربگیرێت، "زۆر جار خوێندکارانیش گرفتی پەروەردەییان هەیە بەرامبەر بە وانەیەک یاخود بابەتێک، بۆیە گرنگە بەشدارییان پێبکرێت و بابەتەکانیان بۆ شیبکرێتەوە و ئەوانیش ڕاوبۆچوونی خۆیان بڵێن و ڕێگای جوانتر و باشتر لە بواری پەروەردە بخەنەڕوو.

 

سارا باسی لەوەشکرد کەرتی پەروەردە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە لە شێوازی پەروەردەی و فێرکردن لە ناو پۆلەکانی خوێندن و مامەڵەی مامۆستا و خوێندکار، لە هەمان کاتدا، چونکە لە دوای ماڵەوە خوێندنگە ڕۆڵێکی گرنگی پەروەردەیی دەبینێت لە پێگەیاندنی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە.