ڕژێمی ئێران هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووسان و دەستگیریان دەکات
ڕژێمی ئێران بڕیاری زیندانیکردنی بۆ چەندین ژنی ڕۆژنامەنووس و نووسەر دەرکردووە و لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەریان دەکەن و بۆ شوێنێکی نادیار دەیان گوازنەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی یەکشەمە ئیلهام مودەریسی، نیگارکێشی خەڵکی سنە و دانیشتووی شاری کەرەج، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی کەچۆی لە شاری کەرەج گواسترایەوە، ئیلهام لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێ، تووشی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی کراوە، بەهۆی خراپی ڕەوشی تەندروستییەوە بە کەفالەت بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
ئیلهام سەرەڕای ئەوەی تووشی نەخۆشییەکی بۆماوەیی جگەر و ڕیخۆڵە بووە، ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بەو بڕیارە و بەردەوامی لە دەستبەسەرکردن مانی لە خواردن گرت و تەندروستی کەوتە مەترسییەوە.
زەهرا حوسنیابیز، پاش دوو مانگ و نیو زیندانی بە کەفالەت ئازادکرا
زەهرا حوسنیابیز، پسپۆری دەروونناس، لەکاتی ڕاپەڕینی جەماوەری "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، دوای دوو مانگ و نیو لە دەستبەسەرکردنی لە زیندانەکانی ئەڤین و قەرچەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
پێویستە بوترێت زەهرا حوسنیابیز لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین ڕاگیراوە و هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە نییە.
نووسەر و ڕۆژنامەنووسی شاری تاران زیندانیکرا
بە وتەی حەسەن هۆمایون، هاوژینی سەعیدە شەفیعیی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دانیشتووی تاران، لە ماڵە تایبەتیەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتەکان و دەستگیرکردن و شوێنی ڕاگیرانەکەی نییە.
حەسەن هۆمایون، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئەم هەواڵەی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ سەعیدە شەفیعی هاوسەرەکەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەوە دەستگیرکرا، من زۆر نیگەرانم لە تەندروستی ئەو".
ڕۆژنامەنووس مێهرنوش دەستگیرکرا
مێهرنوش زارعی حەنزاکی، ڕۆژنامەنووسی تارانی، لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ زیندانی ئەڤین گواسترایەوە، بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ ناساندنی پەیوەندیی دامەزراوەیی خۆیان، فەرمانی دەستبەسەرکردن کە لەلایەن داواکاری گشتیی ناوچەی ٣٣ی تاران دەرچووە، پیشانی مێهرنوش زارعی حەنزاکییان داوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی مێهرنوش زارعی حەنزاکی دەستیان بەسەر بەشێک لە کەلوپەلی تایبەتی ناوبراودا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.