"ئەم حکومەتە شارستانی نییە و بە تەواوی خێڵەکییە"
پەرلەمانتارێک لە لێدوانێکیدا باسی لەوەکردووە کە حکومەت سیمای شارستانی و حکومڕانی پێوە نییە و بە تەواوی خێڵەکییە، چونکە جیاوازی لە نێوان پارێزگاکانی هەرێمدا دەکات و بەشێکیان پشتگوێ دەخات.

ناوەندی هەواڵ
شیرین یونس، پەرلەمانتاری یەنەکە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیایەک باسی لەوەکردووە کە حکومەتی هەرێم خێڵەکییە و جیاوازی لەنێوان پارێزگاکانیدا دەکات، هەروەها لەبارەی داوای کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەلبژاردن تاکو بە کردەوە هەنگاو بۆ سازدانی هەڵبژاردن بنرێت، دەشڵێت: "لەلایەك داوای یاسا دەكات لەلایەكی تر خۆی گەورەترین یاسا شكێنە".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: دەربارەی سیاسەتی ووشككردنی سلێمانی بە ڕوونی ئەوان لە پەیامەكەیاندا شارۆچکەی كۆیەیان بردووەتە دەرێ لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆكان، باشە مادام كۆیە وەك بەشێك لە هەولێر حسابە بۆچی تائێستا دووسایدەكەیان تەواونەكردووە، لەكاتێكدا بەقەد نیوەی پارەی سەت و پەنجامەتری تێدەچێت و دووپارێزگاش دەبەستێتەوە بە پایتەخت.
لە درێژەی قسەکانیدا باس لە بەهەدەردانی سامانی وڵات دەکات و وتی: لە ڕاستیدا بۆ ئەمڕۆ شەقامی ١٥٠ مەتری پێویست نەبوو، چونكە تەنانەت بەشێكی زەوییەكانی نێوان ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری چۆڵن، ئەوە لەڕووی ئابوریەوە پێیدەگوترێت بەهەدەردانی پارەو خۆنمایشكردن، چونكە حكومڕان دەبێت بزانێت ئەولەویەت چییە و نابێت خەریكی نمایشكردن بێت.