دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی کوشتنی ژنە گەنجەکەی هەولێر دەکات

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە توندی ئیدانەی کوشتنی ژنە گەنجەکەی ھەولێر لەلایەن باوکییەوە دەکات و دەڵێت: "پێویستە ھێزە ئەمنییەکان ھەوڵەکانیان چڕتر بکەن بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارەکە".

ناوەندی هەواڵ

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دەستەکەیان بە تووندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەکات کە رۆژی ھەینی ٦ی کانوونی دووەم، لە گەڕەکی موفتی شاری ھەولێر، ژنێکی گەنجی پانزە ساڵان بەدەستی باوکی کوژرا.

 

 داواش لە ھێزە ئەمنییەکان دەکات، ھەوڵەکانیان چڕتر بکەن بۆ ئەوی بە زووترین کات تاوانبارەکە دەستگیر بکەن، بۆ ئەوەی بگات بە سزای یاسایی خۆی.

 

ھاوکات سیامەند عەبدولقادر، پارێزەری کەیسی ئەو خێزانەی کچەکەیان لەلایەن باوکیەوە کوژراوە، لە ھەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، ماوەی دوو مانگە دادوەری لێکۆڵینەوە بە تۆمەتی کوشتن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار دەرکردووە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار کەمتەرخەم بوون و دەستگیریان نەکرد تا کچە ١٥ ساڵانەکەی خۆشی کوشت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە کچە ١٥ ساڵەکە زۆر بە دڕندانە کوژراوە و نینۆکی دەستەکانی دەرهێنراون و ڕووخساری شێوێندراوە، پاشان بە پانکەکەیدا هەڵواسراوە تا بە ئازارەوە گیانی لەدەستداوە.