تاڵیبان هەرڕۆژ قەدەغەیەکی نوێ لەسەر ژنان جێبەجێدەکات
دوای چەندین سنوردارکردن لەسەر ژنان، ئەمجارە تاڵیبان چوونە وەرزش و گەرماوی لە ژنان قەدەغە کرد.
ناوەندی هەواڵ
قەدەغەی تاڵیبان لەسەر ژنان بەردەوامە و جگە لە قەدەغەکردنی ژنان لە چوونیان بۆ پارک و باخچەکانی کابول، باس لەوە کراوە کە تاڵیبان حیجابیان بەسەر منداڵانی کچدا سەپاندووە لە قوتابخانەکاندا، ژنان لە زۆر ناوچەی گشتی دوورخراونەتەوە و ڕێگرییان لێدەکرێت کە بە تەنها و بێ هاوەڵی پیاو گەشت بکەن، لە نوێترین بڕیاردا ئەمجارەیان تاڵیبان ڕایگەیاند، قەدەغەیە ژنان بچنە هۆڵەکانی وەرزش و تەوالێت و گەرماوەکانەوە.
ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە ناو گەرماوەوە
محەمەد عاکف سادق موهاجر، وتەبێژی وەزارەتی هاندان بۆ چاکە و ڕێگرتن لە خراپە ئاماژەی بەوەکردووە کە ڕاهێنەرانی ناو هۆڵەکان پیاون و بۆیە چوونە ژوورەوەی ژنان قەدەغەیە، هەروەها ئەوەشی وتووە کە لە هەموو ماڵەکاندا گەرماو هەیە و هەرچەندە گەرماوی ژنان و پیاوان جیایە، بەڵام نابێت ژنان بچنە گەرماوی دەرەوە.
کاردانەوە لەلایەن ژنانەوە
لە ڤیدیۆیەکدا کە لە میدیای دیجیتاڵی بڵاوکراوەتەوە، گروپێک لە ژنان کاردانەوەیان بەرامبەر قەدەغەکردنی هۆڵی وەرزشەکان نیشانداوە و یەکێک لەو ژنانە وتی: ئەمە هۆڵی وەرزشی ژنانە، هەموو مامۆستاکان و ڕاهێنەران ژنن، ناتوانیت ئێمە لە هەموو شتێک قەدەغە بکەن.
زیان بە داهاتوو دەگەیەنێت
ڕینا ئەمیری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ژنانی ئەفغانستان وتی: ئەو سنوردارکردنە نوێیەی تاڵیبان بۆ سەر ژنان، توندڕەوییە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و هەژاری و هەڵهاتنی دانیشتوان.
کێرین دیکەر، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، ژنان مافی ئەوەیان هەیە بچنە پارک و باخچەکان و چێژ وەربگرن، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵەکانی تاڵیبان زیان بەژنان و منداڵان و ئایندەی ئەفغانستان دەگەیەنێت.
نابێت چاوپۆشی لێبکرێت
چالاکوانان وتیان کە پێشتر چەندین چالاکی هەبووە لە کابول و شارە گەورەکانی تر لەسەر زیادکردنی سنوردارکردنی ژنان، ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەم لە پۆستێکی تویتەردا تیشکی خستەسەر سنوردارکردنی نوێی تاڵیبان وەک لێدانێکی تر بۆ مافەکانی ژنانی ئەفغانی، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوپۆشی لە ئازارەکانی ژنانی ئەفغانستان و پێشێلکردنی مافەکانیان لە لایەن تاڵیبانەوە بکات.