ئێران بۆردومانەکانی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە

بەیانی ئەمڕۆ دەوڵەتی ئێران بۆردومانی کۆیە و ڕزگوێزی کرد و بەپێی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمیش هەشت بریندار و یەک شەهید گەیشتووەتە نەخۆشخانە

ناوەندی هەواڵ

 

بەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر ٨:٣٠ ، بارەگای حزبی دیموكراتی ئێران لە شارۆچكەی كۆیە بۆردومان كرا و بە نزیکەیی سێ جار دەنگی بەرز بیستراوە، دووكەڵیش لە قەڵای دیموكرات بەرزبووەتەوە، بەڵام تا ئێستا زیانەکانی ئەو بۆردومانە نەزانراوە.

 

هەر دوای بۆردومانی قەڵای دیموکرات بارەگاکانی كۆمەڵە لە گوندى زڕگوێز لە سنورى شارەدێى عەربەت-ى سەر بە پارێزگاى سلێمانى  بۆردومان كرا و تائێستا زیانەكانی ئەو بۆردومانەكەش نەزانراوە، بەپێى زانیارییەکان هێرشەکەى سەر گوندى زڕگوێز لە ڕێگەى شەش درۆنەوە ئەنجامدراوە و چوار لەوانە تەقیونەتەوە و دوانى دیکەیان بەبێ هیچ زیانێک کەوتونەتە خوارەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، تا ئێستا هەشت بریندار و یەک شەهید گەیشتووەتە نەخۆشخانە، تیمەکانی پزیشکی و نەخۆشخانە لە ئامادەیی پێشوازی برینداران و چارەسەرکردنیانن، پێشبینی دەکرێت ژمارەی بریندار و شەهید زیاتر بن تا گەیشتن بە نەخۆشخانە.

 

هاوکات کاتژمێر ٩:٣٠ی خولەکی بەیانی ئەمڕۆ کوێستانەکانی سەقەڕ و کوێستانی بەربزینی لە سنوری برادۆست لەلایەن تۆپبخانەکانی سوپای پاسدارانەوە بە چڕی تۆپباران کران و تا ئێستاش تۆپبارانەکە بەردەوەمی هەیە.

 

جێی ئاماژەیە لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی گەلی کورد و گەلانی ئێران و ڕۆژی ٢٨ی ئەیلول سوپای ئێران هێرشیکردە سەر بنکە و بارەگاكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بەوهۆیەوە ١١ هاوڵاتی شەهیدبوون و چەندین كەسیش برینداربوون.