دروشمی "ژنی ژیانی ئازادی" دەنگ دەداتەوە

ڕاپەڕینی جەماوەری گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران شەوی ڕابردوو بە شێوەی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری ناوچەکانی کوردستان و ئێران درێژەی هەبوو

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی جەماوەری گەلی کورد و گەلانی ئێران نزیکەی دوو مانگە بەردەوامە و شەوی ڕابردوو سەرەڕای دۆخی ئەمنی لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیستان و بەلووچستان و شارەکانی دیکەی ئێران، خۆپیشاندەران بە شێوەی جۆراوجۆر دژی ڕژێمی ئیسلامی ڕاپەڕین.

 

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە مهاباد، سنە، سەردەشت، بانە، مەریوان، بۆکان، کرماشان، ئیلام، جوانڕۆ، پیرانشار، سەقز، کامیاران، موج، دێهگۆلان و شارەکانی دیکە بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندەران هاتنە سەر شەقامەکان و ئاگریان لە هێماکانی ڕژێمی ئیسلامی، ئۆتۆمبێل، بنکەکانی بەسیج و سوپا بەردا و بە دروستکردنی خەندەق لە شەقامەکان، وتنەوەی گۆرانی ئازادی، دابەشکردنی بڵاوکراوە و نووسین لەسەر دیوارەکان جەختیان لە هەڵوێستی خۆیان تا گەیشتن بە ئازادی دەکردەوە.

 

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بە هۆی کاریگەریی گولـلە و تفەنگی جەنگ و هەروەها فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ لە لایەن هێزە داگیرکەرییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بریندار بوون و تا ئێستاش ئاماری ورد لەبەردەستدا نییە.

 

لە سیستان و بەلوچستان سەرەڕای کوژران و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و هەڕەشەکانی هێزە ئەمنییەکان، ڕاپەڕین بەردەوامە و ژنان بە دروشمی "ژنانی ئازادی" جەخت لەسەر ڕووخاندنی ڕژێمی دەسەڵاتدار دەکەنەوە، پێشەنگایەتییان کرد.

 

لە تاران، ئیسفەهان، شیراز، سەبزێوەر، قوم، مەشهەد، ئەراک، کەرەج، کرمان، ئەهواز، خوزستان، تەبرێز، زەنجان، ئەردەبیل و شارەکانی دیکە، خۆپیشاندەران ڕژانە شەقامەکان و وێنە و ناوی کوژراوەکانیان داناوە و ئاگریان لە ئاڵای خامنەیی، خومەینی و قاسم سولەیمانی بەردا.