تەندروستی عێراق: دەیان کەس بە تەقەی هەڕەمەکی مەترسی مردنیان لەسەرە
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەی خستەڕوو کە ڕۆژانە دەیان کەس ڕوو لە نەخۆشخانەکان دەکەن بەهۆی بەرکەوتنیان بە فیشەکی هەڕەمەکی، داوای نوێکردنەوەی سزای تەقەکەرانیش دەکات.
ناوەندی هەواڵ
وەزارەتی تەندروستی عێراق خستیەڕوو کە ڕۆژانە دەیان برینداری فیشەکی هەڕەمەکی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەکان و هەندێک لە حاڵەتەکان مەترسیدارن، هاوکات داوای هەموارکردنەوەی یاسای سزای ئەو کەسانە دەکرێت کە چەک بەکاردەهێنن.
نور محەمەد عەلی، بەڕێوەبەری بەشی هۆشیاری لە بەشی زانیاری و هۆشیاری لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە کە ڕۆژانە بەهۆی تەقەکردنی هەڕەمەکی بە چەک چەندین بریندار دەهێنرێنە نەخۆشخانەکانی عێراق و چەندین حاڵەتی جیاوازی سوک و قورس هەن، "بەڵام دەکرێت بوترێت زۆرینەی حاڵەتەکان فیشەک بەر ناوچەی سەری بریندار کەوتووە، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی گەورەی دەمار و تێکچوونی مێشک."
نور محەمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەهۆی پرسی حزبایەتی یاخود ململانێی کۆمەڵایەتی و عەشیرەتی چەندین تێهەڵچون دروستدەبن کە چەکی تێدا بەکاردێت و دەیان حاڵەتی برینداری ڕوو لە نەخۆشخانەکان دەکەن، ئێمە بەدەست ئەمەوە دەناڵێنین".
نور محەمەد تیشکی خستەسەر نوێکردنەوەی سزای کەسانی تەقەکەر و وتی: لیژنەی تایبەتمەند هەن بۆ بەرزکردنەوەی ئامار بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، وەک وەزارەتی ناوخۆ و ئۆرگانەکانی دیکە، ئێمە داوای نوێکردنەوەی سزاکان بۆ ئەو کەسانە دەکەین کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقە دەکەن لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتیدا.
عێراق سەرەڕای قەیران سیاسی و ئابورییەکانی، دەسەڵاتی خێڵەکی و کێشەی کۆمەڵایەتییەکانیشی ژیانی هاوڵاتی قورسکردووە، ئاسان بەدەستهێنانی چەک و بەخشینەوەی چەک لەلایەن حزبەکان و ڕاکردن لە یاسا لە کاتی سزای بەکارهێنانی چەک و تەقەکردندا و پشتیوانیان لەلایەن کەسانی حزبی و باڵادەستەوە، وایکردووە کە ڕۆژانە شەڕە تەقە و بەکارهێنانی چەک دەیان کەس ڕووبەڕووی مەترسی مردن بکاتەوە.