ژنانی ئیتاڵی قژە بڕاوەکانیان بۆ باڵیۆزخانەی ئێران دەنێرن
هاوکات لەگەڵ درێژەی ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم ڕاپەڕینە، لە ئیتاڵیا کەمپەینێک بۆ پشتیوانی لە ژنانی ئێران دەستیپێکرد.

ناوەندی هەواڵ
دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، دروشمێکە کە دوای ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئێران لەلایەن زۆرێک لە ژنانی جیهانەوە دووبارە دەبێتەوە و لەگەڵ وتنەوەی ئەو دروشمە قژیان دەبڕن، لە وڵاتی ئیتاڵیاوە ژنان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام هەڵمەتێکیان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی نەتەوەیی بە پێشەنگایەتی ژنان دەستپێکرد و قژیان دەبڕن، دواتر لە زەرفێکدا دەینێرن بۆ باڵیۆزخانەی ئێران لە ڕۆما.
ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن سەرنووسەرانی بەرنامەی LE LENE دەستیپێکرد و زۆرێک لە ئەکتەران، هونەرمەندان، چالاکوانان و ژنانی دیکەش بەشداریان لە کەمپەینەدا کرد و بە کورتکردنەوەی قژیان پشتیوانی لە ژنانی ئێران دەکەن.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لوسیانا لیتیزتۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بۆ ڕوونکردنەوەی مانای قژبڕین ڕایگەیاندبوو: "قژبڕین ڕێوڕەسمێکی کۆنە کە لە ئێران و وڵاتانی دیکەی دراوسێ بەکاردێت، بە واتای ماتەمینی دێت، کاتێک ڕووبەڕووی خەم و تووڕەیی لەڕادەبەدەر دەبیتەوە، قژت دەبڕیت. وەک ئەوە وایە هەستی جوانیناسی یان جوانیت پشتگوێ بخەیت بۆ ئەوەی نیشان بدەیت کە دڵتەنگیت، ئێستاش ئەمە بووەتە ناڕەزایەتییەکی ڕەمزی دژی دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران و حیجابی زۆرەملێ".