زیندانی ئەڤین، سپیدە قولیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و گلارە عەباسی لە چارەسەر بێبەشکرا

گواستنەوەی سێپیدە قولیان بۆ نەخۆشخانە، رەتکردنەوەی گلارە عەباسی لە وەرگرتنی چارەسەر و هێرشکردنە سەر ڕاحێله ئەحمەدی لە زیندانی ئەڤین بەشێکن لە گوشارەکانی سەر زیندانیانی سیاسی.

ناوەندی هەواڵ

 

سپیدە قولیان چالاکوانی مەدەنی بە هۆی مانگرتن لە خواردن و خراپی باری جەستەیی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵقانی کرا و لەوێ خەوێندرا.

 

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سپیدە قولیان کە لە ١٨ی مانگەوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە، بەهۆی خوێنبەربوونی ڕیخۆڵە و دابەزینی پەستانی خوێنەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و باس لەوەش کراوە کە سەرەڕای باری جەستەیی هێشتا بەردەوامە لە مانگرتن لە خواردن.

 

هه‌روه‌ها گلارە عه‌باسی كه‌ جه‌ڵته‌ی دڵی هه‌بووه‌ و به‌هۆی نه‌خۆشی رۆماتیزمه‌وه‌ پێویستی به‌ خه‌واندنی لە نه‌خۆشخانه‌ بوو، به‌ڵام به‌رپرسانی زیندان ئاماده‌ نه‌بوون بیگوازنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی له‌به‌ستنی ده‌ستی و كۆت و به‌ندکردنی، مافی جل و به‌رگی لێ زه‌وتكراوه‌.

 

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، راحێله ئەحمەدی، کە دوا رۆژەکانی حوکمەکەی بەسەر دەبات، لەلایەن یەکێک لە زیندانیانی تاوانە گشتییەکانەوە لێیدراوە.