پاکستان، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی لافاوەوە گەشتە زیاتر لە ١٤٠٠ کەس
ئەو کەسانەی کە بەهۆی لافاوە وێرانکەرەکەی پاکستانەوە ئاوارە بوون، گلەیی ئەوە دەکەن کە بێ خۆراک و پێداویستی ماونەتەوە، دەسەڵاتدارانیش لە هەوڵدان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتەکە.
ناوەندی هەواڵ
بەهۆی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و کارەساتە سروشتییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی گیانلەدەستدانەکان زیاد دەکات، ژمارەی قوربانیانی ئەو لافاوە کارەساتبارە لە پاکستان هەزار و ٤٠٠ کەسی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا پێشبینی بارانبارینی زیاتر لە بەشێک لە پارێزگای سندی باشووری پاکستان دەکرێت کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
دەسەڵاتداران لە هەوڵدان بۆ چۆڵکردنی خەڵک لە ناوچەکانی لافاوی تێدا ڕوودەدات لە سند، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بارانێکی مامناوەند بەخوڕ لە چەندین شارۆچکەی پارێزگاکە ببارێت، هەر لەو پارێزگایەدا ٦٣٨ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢٧٤ کەسیان منداڵن.
دەسەڵاتداران دەڵێن وێستگەیەکی سەرەکی کارەبا لە شارۆچکەی دادو لە سند، کە کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکات، ڕووبەڕووی مەترسییەکی پەرەسەندنی لافاو دەبێتەوە.
نزیکەی یەک لەسەر سێی وڵاتی پاکستان بەهۆی توانەوەی سەهۆڵبەندانەکانەوە ژێر ئاو کەوتووە و بارانبارینی وەرزی تۆمارکراوە، کە لە مانگی حوزەیران دەستیپێکردووە و زیاتر لە ٣٣ ملیۆن کەس ڕوبەڕووی بووەتەوە، حکومەت پێداچوونەوەی بە خەمڵاندنی سەرەتایی خۆیدا کرد بۆ زیانەکانی لافاوە وێرانکەرەکە لە هەفتەی ڕابردوودا لە ١٠ ملیار دۆلارەوە بۆ ٣٠ ملیار دۆلار، هەروەها نزیکەی ملیۆنێک کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون، زۆربەیان بە ئاشکرا لەسەر ڕێگا سەرەکییەکان دەخەون.