ڕەوشی بەغدا ئاڵۆزە و قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە

بەهۆی ڕاگەیاندنی وازهێنانی سەدر لە سیاسەت، بارودۆخی بەغدا لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاڵۆز بووەو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٢٩ی ئاب، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەستبەرداربوونی خۆی لە کاروباری سیاسی ڕاگەیاند و ئەوەی خستەڕوو کە سەرجەم دامەزراوەکانی ڕەوتی سەدر دادەخات، دوای ئەو بڕیارە لایەنگرانی سەدر ڕژانە سەر شەقام و چوونە ناوچەی سەوز و ناو کۆشکی کۆمارییەوە.

 

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە لایەنگرانی سەدر کرد بەپەلە ناوچەی سەوز بەجێبهێڵن و جەخت دەکاتەوە بە هەموو جۆرێک ئامادەن و پابەندن بە مامەڵەی برایانە و ئاشتیانە لەگەڵ خۆپیشاندەران.

 

هەروەها ڕاشیگەیاند لە کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی ئەمڕۆوە قەدەغەی هاتووچۆی گشتی لە بەغدا ڕاگەیەندراوە و ئۆتۆمبێل و هاووڵاتییانیش دەگرێتەوە، سەرەڕای ئەو بڕیارە تا ئێستا خۆپیشاندان بەردەوامە.