دایکانی شەنگال: ئەم شەپۆلە کۆچکردنە بەشێکە لە سیاسەتی پەدەکە

ڕێکخستنی بنەماڵەی شەهیدانی شەنگال لە بارەی شەپۆلی کۆچی ئێزدییەکان بۆ دەرەوەی وڵات بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە بە یەکڕیزیی ئێزدییەکان ڕێگری لە ئامانجی دوژمنانی ئێزدییەکان دەکرێت.

شەنگال

 

لە ئەنجامی سیاسەتی پەدەکە لە دژی ئێزدییەکان شەپۆلێکی کۆچی ئێزدییەکان بۆ دەرەوەی وڵات دەستی پێکردووە. ئەم شەپۆلە بە تایبەتی کاریگەری لەسەر کامپەکانی باشووری کوردستان هەیە، ڕێکخستنی بنەماڵەی شەهیدانی شەنگال بە مەبەستی ڕێگریکردن لە فەرمانێکی نوێ لە دژی ئێزدییەکان، بەیاننامەیەکیان بۆ ڕایگشتی خوێندەوە.

 

بەیاننامەکە لەلایەن دایە پاکیز جەلالە، ئەندامی ڕێکخستنی بنەماڵەی شەهیدان خوێندرایەوە و ئاماژەیان بەوەدا، "وەك دایكی شەهیدان داوا لە هەموو بنەماڵەی ئێزدییەكان دەكەین ڕێگری لە کۆچی منداڵەکانیان بەرەو ئەوروپا بگرن، لە دەرەوەی شەنگال هیچ خاکێکمان نییە، ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی پەدەکە کە دەیەوێت ئێزدییەکان بڵاوبکاتەوە و لە باوەڕییەکەیان دووریان بخاتەوە، بەڵام با پەدەکە و هەموو دوژمنەکانمان بزانن کە هەرگیز ڕێگەیان پێنادەین سیاسەتەکانیان جێبەجێبکەن.

 

"با ئێزدییەکانمان وریا بن و نەکەونە تەڵەی دوژمنانی کۆمەڵگەکەمانەوە"

هەر لە بەیاننامەکەدا بانگەوازی لە سەرجەم پێكهاتەی ئێزدییەكان كراوە كە ئاگاداری سیاسەتی دوژمن بن و نەكەونە تەڵەی مەرگەوە، ئەوەش خراوەتەڕوو: شەهیدانمان لەپێناو مەلەک تاوس سەریان بەخشیوە، وەک دایکانی شەهیدان زۆرترین باجمان بۆ ئەم کەیسە داوە و بەردەوام دەبین لە بەخشینی ژیانمان لەو پێناوەدا، شەهیدانمان هێزی ئێمەن و ڕێگای تێکۆشانمان نیشان دەدەن، با هەموومان لەم ئامانجەدا ژیانی خۆمان ببەخشین، بە شەرەفترە لە ژیانێک لە ئەوروپا. با ئێزدییەکانمان وریا بن و نەکەونە تەڵەی دوژمنانی کۆمەڵگەکەمانەوە.

 

لە کۆتایدا دایکانی شەهید بەڵێنیاندا کە درێژە بە ڕێبازی شەهیدان بدەن.