لە هێرشەکانی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان منداڵان بەرکەوتەن
بەرپرسی دۆسیەی منداڵان لە فراکسیۆنی هەدەپە خستیەڕوو کە هێرشەکانی تورکیا ٢٤ منداڵی بریندار کردووە و ٨ منداڵیش گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ
حسێن کاچماز، بەرپرسی دۆسیەی منداڵان لە فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان منداڵان بوونەتە بەرکەوتە و بەهۆیەوە ٨ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ٢٨ منداڵیش بریندار بوون.
بەرپرسەکەی دۆسیەی منداڵان ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دوای کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئێران و ڕووسیا و تورکیا لە تاران، ئەنقەرە هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیادکردووە، بەشێوەیەکی دوژمنکارانە هێرشەکانی بەردەوام بوون، بە جۆرێک ئاکەپە سیاسەتی دەرەکی خۆی لەسەر توندوتیژی بونیادناوە و بەردەوامی خۆیشی لەو سیاسەتەدا دەبینێت.
لەکۆتایدا وتی، هێرشەکان منداڵ، گەنج و خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، بۆیە ئێمە داوا دەکەین ئەو هێرشانە ڕابگیرێن.