"لە کۆتایی لۆزاندا هەر دەوڵەتێک هەوڵی هەژموونی خۆی دەدات لە کوردستاندا"
کەمپەینی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان بەست و ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایان بۆ زاخۆ کرد.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کەمپینی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری بە بەشداری ژمارەیەک لە ڕێکخراو و چالاکوانانی ژن و هاوڵاتیانی عەرەب کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست و بەیاننامەیەکیان دژی کۆمەڵکوژی زاخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و بە ئامانجکردنی سێ پێشەنگی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان خوێندەوە.
کەژاڵ عەبدولقادر، ئەندامی کەمپەینی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری بەیاننامەکەی کۆنگرەکەی خوێندەوە: ژنان پێشەنگی ئازادی و تێکۆشانن لە پێناو ماف، ئازادی، ئاشتی و سەروەری خاک و نیشتیمان، ئێمەش وەک ژنانی باشووری کوردستان کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق و شەڕەڤانانی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزار دەکەین، دەوڵەتی داگیرکەرى تورک دەیەوێت سەرجەم کوردستان داگیربکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت لە سەرەتادا هەر یەک لە پارچەکانی باشوور و ڕۆژئاواى کوردستان داگیربکات، چونکە ئەو دوو پارچەیەی تا ئاستێک خۆبەڕێوەبەریی کوردی لێ مسۆگەر دەبێت، بەتایبەت لە ڕۆژئاواى کوردستان، کە لەئێستادا خۆبەڕێوەبەرییەکى تێدایە و هەموو پێکهاتەکانى ناوچەکە جێگاى خۆیان تێدا کردووەتەوە.
هەروەها ئاماژەیان بەوەدا یەک ساڵ ماوە بۆ تەواوبوونی پەیماننامەی لۆزان کە تیایدا کوردستان پارچەکرا و کۆتایهاتنی پەیماننامەکە لە ساڵی ئایندەدا نیشاندەری ئەوەیە کە هەر دەوڵەتێک هەوڵدەدات دیزانێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکە دابڕێژێت و هەوڵی داگیرکاری بۆ سەر خاکی کوردستان دەدەن، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش سیستمی خۆبەڕێوەبەری هەیە کە هەموو نەتەوەکان تیایدا مافیان پارێزراوە لەسەر هزری نەتەوەی دیموکراتیک پێکهاتووە و بەڕێوە دەچێت، کە ئەوەش مۆدێلێکی نوێی دیموکراسییە و بۆ هەموو ناوچەکە پێویستە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەوڵی لەناوبردنی دەدات و لە تێکۆشانى ژنان لە ڕۆژئاواى کوردستان دەترسێت و بۆ ئەو مەبەستەش ژنانى تێکۆشەر دەکاتە ئامانج، ئەو سێ ژنە شۆڕشگێرەى لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە ڕۆژئاوا کرانە ئامانج، سەلمێنەرى ئەو ڕاستییەن.
"کۆبوونەوەکەمان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیایە"
فەوزیە عەبدولکەریم، چالاکوان ئاماژەی بەوەدا، دایکانی لەچک سپی و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکان و چالاکوانان کۆبوونەتەوە دژی داگیرکارییەکانی سەر باشووری کوردستان و شەڕەڤانانی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان، وتی: ئێمە کۆبووینەتەوە لە دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کە ژمارەیەک لە گەشتیارانی عێراق لە پەرەخێ لە زاخۆ هێرشیان کرایە سەر و شەهید بوون، سەری ڕێز بۆ شەهیدەکان نەوی دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، هەروەها ئیدانەی بۆردوومان و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین کە سێ ژنی شەڕەڤان تیایدا شەهیدبوون".
"چەندین ساڵە هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا درێژەی هەیە"
لێمان شوێش، ئەندامی کۆنگرە ستار، وتی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تەنها بۆ سەر ناوچەیەکی گەشتیاری نیە لە زاخۆ، بەڵکو بە درێژای چەندین ساڵ دەوڵەتی تورکیا هێرش و داگیرکارییەکانی ئەنجامداوە و کوردانی کۆمەڵکوژ کردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بێدەنگییەک هەیە و حوکمەتی هەرێم هەڵوێستی نیە، پێویستە گەلی عێراقیش بێدەنگ نەبن و بەردەوام بن لە هەڵوێستەکانیان."
لێمان شوێش ئاماژەی بە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان دا، "هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و شەهید بوونی شەڕەڤانانی ژنی پێشەنگ لە نزیکی قامیشلۆ شەرمەزار دەکەین، کە بە چەندەها ساڵ لە بەرەکانی شەڕدا چالاک بوون و دژی داعش جەنگاون و شەڕەڤانانی دیکەیان پەروەردە کردووە و ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە شۆڕشی ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان ."
"داواکارین سنورەکان بپارێزرێت"
ئاوات حیسامەدین، چالاکوانی ژنان وەک ژنێکی زەردەشتی پاڵپشتی خۆی دووپات کردەوە: " ئێمە وەک زەردەشتییەکان لەگەڵ هاوڵاتیانی کوردین و دژی دەستدرێژیەکانین، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین سنوورەکانی بپارێزێت و خاوەندارییەتی لە هاوڵاتیانی نیشتیمانەکەی بکات، داوای هەڵوێست وەرگرتن لە هاوڵاتیان دەکەین کە جیتر بێدەنگ نەبن".