پەروین بوڵدان: ئێمە چارەسەرین، چارەسەر گەلەکەمانە
پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی دەبەستێت و ڕایانگەیاند کە چارەسەری تەنها گەلە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ پێنجەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە بە دروشمی "ئێمە چارەسەرین" بە بەشداری ٥٠ هەزار کەس و ١٠٠ شاندی نێودەوڵەتی، لە هۆڵی وەرزشی ئارێنا لە ئەنقەرە دەستیپێکرد.
دەیان هەزار کەس بە ئاڵای فرە ڕەنگی هەدەپە و بە جلی ڕەنگاڵە و وتنەوەی دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێت"، "هەدەپە گەلە و گەل لێرەیە" و "هەدەپە ئومێدە و ئومێد بە ڕێوەیە"و ژنان بە بەرزکردنەوەی چلە زەیتونەوە ئامادەی کۆنگرەکە بوون و پەیامی خەباتیان لە دژی زوڵم بڵاودەکردەوە، هەروەها دروشمی "بژی بەرخۆدانی زیندانەکان"یان بەرزکردەوە و داوای ئازادییان بۆ زیندانیان و ئەو کەسانە کرد کە بڕیاری سێدارەیان هەیە، بەشداربووان سەرنجیان بۆ گۆشەگیری ئیمڕالی ڕاکێشا و دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "ژن ژیان ئازادی"یان وتەوە.
لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکەکانی هەدەپە هەڵدەبژێردرێن
لە کۆنگرەکەدا ١٠٥٠ نوێنەر دەنگ دەدەن. لە ئەنجامی ئەو کۆنگرەیەدا ١٠٠ کەسی ڕاستەقینە و ٥٠ جێگرەوە و ٣٠ کەسی فەخری بۆ ئەنجومەنی هەدەپە هەڵدەبژێردرێن. هەروەها هاوسەرۆکانی هەدەپە لە ئەنجامی کۆنگرەکەدا هەڵدەبژێردرێن.
دوای خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوانان، کۆنگرە لەلایەن هاوسەرۆکانەوە پیرۆزبایی کرا و سڵاو بۆ هەموو زیندانیان و هەر وەها بەرخۆدانی گەلی کورد نێردرا، پاشان پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە، پیرۆزبایی لە سەرجەم بەشداربووانی کۆنگرەکە کرد و وتی ئێمە لەبەردەم کەسدا ئەژنۆمان نەچەماندەوە، ئێمە بەڵێن دەدەین کە هەرگیز سەرمان بۆ کەس دانەناوە و لەمەودواش داینانەوێنین، ئاماژەی بەوەشدا، "پێکەوە وڵاتێکی دەوڵەمەند و سیستمێکی کۆمەڵگەیی و دادپەروەرانە بنیاد دەنێین، کە هەمووان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە هاوبەشی بکەن، ڕەنجەکانیان پاداشت بکرێتەوە و بەرهەمهێنەران و کرێکاران قسە و بڕیاریان دەبێت، هەژاری ژنانیش لەوێ کۆتایی بێت".
"ئێمە چارەسەرین"
پەروین بوڵدان بە ئاڕاستەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و پلانگێڕییەکان وتی: ئێوە ناتوانن بە سیاسەتی شەڕ و وێرانکاری ڕاستی کێشەی کورد و دەستکەوتەکانی گەلی کورد بسڕنەوە، ئیرادەی گەلی کورد لە سیاسەتی دیموکراسی و خەباتی مەزن بۆ دیموکراسی، کە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا ئەنجام دەدرێت، لە داهاتووی ئەم وڵاتەدا یەکلاکەرەوە دەبێت، مێژوو و با لە لای ئێمەیە. هەنگاوەکانی چارەسەر بریتین لە هاووڵاتیبوونی یەکسان، پەروەردە بە زمانی دایک، دیموکراسی بەهێز و نەهێشتنی زیانەکانی سیستەمی دادوەری. چارەسەر پەرلەمانە. ئێمە چارەسەرین، چارەسەر گەلەکەمانە.