"ئەوانەی هێزەکانی داعشیان تێکشکاند ڕێگری لە خیانەتکارانیش دەکەن"
ڕۆژی ١٥ی حوزەیران دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئەنجومەنی گەلی ناوچەی سنونێ لە شەنگال و پەڕاوگەیەک، ژنانیش دەڵێن هێرشەکان بەردوامی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤یە.
نەسرین حسێن
شەنگال- ڕۆژی ١٥ی حوزەیران دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئەنجومەنی گەلی ناوچەی سنونێ لە شەنگال و پەڕاوگەیەک و بەهۆیەوە منداڵێکی تەمەن ١٢ ساڵ بەناوی ساڵح خدر کوژرا و حەوت کەسی دیکە برینداربوون، ژنانی شەنگال لەبارەی هێرشەکانەوە بۆ ئاژانسەکەمان دوان و ئاماژەیان بەوەدا کە هێرشەکان بەردەوامی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤یە.
بەرفێ ئیلیاس، ژنێکی شەنگالییە و دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێزدی وتی: یەک بە یەک هێرشەکانی دوای فەرمانی ساڵی ٢٠١٤ بۆ سەر کۆمەڵگە وەک درێژەپێدانی فەرمانەکە دەبینین، گەلەکەمان ماوەی ٧ ساڵە خۆی ڕێکخستووە و کەس ناتوانێت هیزی گەلەکەمان بشکێنێت، هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگاکەمان شکست دەهێنێت، ئەوانەی کە خاوەنی داعش بوون فەرمانیان بەسەردا هێناین، هاوکارییان کردن و گەلی شەنگالیان لەپێناو بەرژەوەندییەکانیاندا فرۆشت، کاتێک بینییان داعش سەرناکەوێت، کەوتە گەڕێکی دیکە و لە ڕێگەی سیخوڕ و خۆفرۆشانەوە ویستیان فەرمانەکە تەواو بکەن.
"بە هێرش بۆ سەر ئەنجومەنەکەمان ڕێکخستن بوونمانیان کردە ئامانج"
دایکە بەرفێ لە بەردەوامیی قسەکانیشیدا ئاماژەی بەوەدا کە دوژمن دەیەوێت گەلی ئێزدی بە بێ رێکخستن بمێنێتەوە، وتیشی: لە ئەنجومەنی ناوچەی سنونێ و شارۆچکەی خانەسور ڕێکخستنمان بەهێز بوو، لەو ئەنجومەنانەدا هەموو پێداویستییەکانی کۆمەڵگا هەڵدەسەنگێنران و چی پێویست بووایە ئەنجامدەدرا، دوژمن بە هێرشەکانی بۆ سەر پێشەنگەکانمان و ئەنجومەن و چیاکانمان دەیەوێت بێ ئەستێرەمان بکات.
"ڕۆژانە دەیان کەس لە ئەنجومەنەکەدا کۆدەبوونەوە"
هەدیە ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی سنونێ، ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکات و وتی: ئەنجومەنەکەمان یەکێکە لەو شوێنانەی کە خەڵک زۆرترین سەردانی دەکات، لەوێ ژن و پیاو پێکەوە کاردەکەین و پێداویستیەکانی کۆمەڵگاکەمان چارەسەر دەکەین، لە ڕۆژی هێرشەکەدا بۆ سەر ئەنجومەنەکە دەیان کەس لەوێ بوون و ژمارەیەکی زۆر بریندار بوون، ئەم هێرشە دڕندانەیە نابێت جیهان چاوی خۆی لێدابخات، ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشانەی سەر ئەنجومەنەکەمان دەکەین.