ئەنجومەنی دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەڵەبجە گردبوونەوە
دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەڵەبجە گردبوونەوە و داوایانکرد لە دامەزراندنیاندا نادادپەروەری نەکرێت و ڕاشیانگەیاند بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندا.
هەڵەبجە
ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە ئەنجومەنی دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکانی پارێزگای هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکان و چالاکوانان و گروپی شەقامی هەڵەبجە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژی ناشەفافی لە پڕۆسەی دامەزراندن لە فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە ڕێکخست.
شنە حەسەن، یەکێکە لە دەرچووە دانەمەزراوەکان، لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها وتی: لە ماوەی ڕابردوودا وەک نوێنەرانی دەرچووی دانەمەزراو گشتاندنمان کرد بۆ دانەمەزراوەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، بەڵام ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی ژینگە خزمایەتی و حیزبایەتییەکی ئێجگار زۆر بەدیدەکرێت و نادادیەک هەیە، ئەمەش نائومێدی لای دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دروستکردووە.
شنە حەسەن ئاماژەی بەوەشدا حاڵەتی هەبوونی هەر جۆرە دامەزراندنێکی تر هەڵوێستی توندمان دەبێت.
گردبوونەوەی خۆپیشاندەرانی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەردەوامیان دەبێت و وەک لە بەیاننامەیەکەدا، کە لەلایەن عمران حەسەنەوە خوێندرایەوە، باسی لەوەکرد کە چەندین گەنجی بێ کار و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانمان هەیە کە ڕۆژگارێکی سەختمان بەڕێکردووە و لە سایەی دەسەڵاتی نابەرپرس ئەو ئومێدەی گەنجان هەیانبووە لە ڕەخساندنی هەلی کار و دامەزراندن لەسەرەتای بوون بە پارێزگای هەڵەبجەوە هەر زوو لەدەستیاندا.
هەرلە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەگەر بەدواداچوون بۆ دامەزراوانی فەرمانگەی ژینگە نەکرێت، ئەوا ڕێگەی فشاری دیکە دەگرنەبەر و ڕاشیانگەیاند، لە گردبوونەوە بەردەوام دەبن تاوەکو بەدەم داواکانیانەوە دەچن.