ژنانی گەنج دژی کوشتنی سوعاد ئەحمەد گردبوونەوە
یەکێتی ژنانی گەنجی عەفرین و هەرێمی شەهبا، دژی کوشتنی سوعاد ئەحمەد زەعلان، بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و ئاماژەیان بەوەدا تێکۆشانیان بە گوڕ دەکەن و خۆیان دەگەیەننە ژنانی ستەمدیدە.
شەهبا
یەکێتی ژنانی گەنجی هەرێمی عەفرین لە دژی کوشتنی ژنێکی گەنجی دووگیان لە قامیشلۆ، بە ناوی سوعاد ئەحمەد زەعلان، لە بەردەم ناوەندی یەکێتی ژنانی گەنج لە شەهبا گردبوونەوە و بەیاننامەیەکیان خوێندەوە.
بەیاننامەکە لەلایەن بەدیعە موسلیم، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنجی هەرێمی عەفرین خوێندرایەوە، ئاماژەیان بەوەدا وەک ژنانی گەنجی کانتۆنی عەفرین و شەهبا کارە نامرۆڤییەکانی سەر ژنان شەرمەزار دەکەین، کوشتن و توندوتیژی ژنان لە سوریادا دەرئەنجامی ئەقڵیەتی پیاوسالارییە، "ئێمە بەو ئەقڵییەتە دەڵێین ئیدی بەسە کوشتن و کاری نامرۆڤانە دژ بە ژنان، هەتا ڕۆژی ئەمڕۆمان ژن لەناو کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، لە سەرەتای ململانێ و شەڕی سوریادا تا ئێستا ژن ڕووبەڕووی زۆر کارەسات و شەڕ بوونەتەوە، هاوکات لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ژنان ڕووبەڕووی چەندین شێوەی توندوتیژی دەبنەوە، ئێمەی ژنانی گەنج زیاتر تێکۆشانمان بە گوڕ دەکەین و خۆمان دەگەیەنینە ژنانی ستەمدیدە و ڕزگاریان دەکەین".
ساریا جودی، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنجی عەفرین، وتی: کۆشتنی سوعاد ئەحمەد زەعلان لە شاری قامیشلۆ بە توندی شەرمەزار دەکەین، ئێمە بەرامبەر ئەم کردەوانەدا دەبینە بەربەست و خۆمان دەگەیەنینە ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و ئازادیان دەکەین لەو عەقڵییەتە پیاوسالارییەی کە هەزاران ساڵە بەردەوامە، بانگ لە هەموو ژنانی گەنج دەکەین کە دژی دەسەڵات دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە.
چالاکییەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "نا بۆ کوشتنی ژنان" کۆتایی هات.