فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە گردبوونەوە
ئەمڕۆ لە بەرامبەر پێنەدانی موچەکانیان فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە گردبوونەوە و بایکۆتی دەوامیان کرد.
هەڵەبجە
لە بەرامبەر پێنەدانی موچەی مانگی شوبات ئەمڕۆ لەبەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە فەرمانبەرانی شارەوانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا و داوایان کرد بە زووترین کات وەک مافێکی خۆیان کە دەوامیان کردووە موچەی مانگی شوباتیان پێبدرێت.
شنیار محەمەد، فەرمانبەری سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە، باسی لەوەکرد کە ئەمڕۆ گردبوونەتەوە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر پینەدانی مووچەی مانگی شوباتیان لە کاتێکدا فەرمانبەرانی سنوری پارێزگای هەولێر موچەیان وەرگرتووە، دەشڵێت "ئەگەر دوو ئیدارەیە بێت پێمان بڵێن، ئەگەریش حکومەت ماوە پێویستە کێشەی ئەم فەرمانبەرانە چارەسەر بکات".
فەرمانبەرانی شارەوانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوایان کرد کە هەرچی زووترە کێشەکان چارەسەر بکەن، و ئاماژەیان بەوەشدا ئەگەر تاوەکو ١٤ی نیسان/٤ موچەی مانگی شوبات/٢ و ئادار/٣یان پێنەدرێت ئەوا تاوەکو جەژنی قوربان بایکۆتی دەوام دەکەن.
جێی ئاماژەیە جگە لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە هەریەک لە دیوانی قائیمقامیەت و بەشێک لە فەرمانبەرانی پارێزگای هەڵەبجە و بەڕیوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە پارێزگای هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان کردووە و تا وەرگرتنی مووچەی مانگی شوبات و ئادار ناچنەوە سەر کارەکانیان.
ت.پ