"کابینەی حکومەت بەسەردەچێت و سەرۆکی حکومەت سەردانی هەڵەبجەی نەکردووە"

لە بەرامبەر هەڵوێست وەرگرتنی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە بێئاگایی و بێباکی حکومەت کەسوکاری قوربانیان بەجیاواز یادی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەنەوە، ژنێکیش دەڵێت دەسەڵات خەمساردە بەرامبەر هەڵەبجە.

هەڵەبجە

 

ڕووبا محەمەد، ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە لەبارەی چالاکییەکانی ئەمساڵ بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە وتی: ئەمساڵ بڕیارمانداوە لەگەڵ دەسەڵات یادی ئەزیزەکانمان نەکەینەوە لەبەرئەوەی بەرپرسانی ئیداری و حکومی زۆر خەمساردن لە ئاست هەڵەبجە و برینداران و کەسوکاری شەهیدان و تاقانەکان و منداڵە ونبووەکان، سەرجەم بڕیارەکانی حکومەت کە دەرکراوە بێئەنجام بوون، ئەنجامی کیمیاباران ئەوەیە دەیبینن کە شارەکە پڕە لە کەلاوەی ڕووخاو، منداڵی ونبوو،  برینداری جەستە ماندوو.

 

ڕووبا ئەوەشی هێنایە سەر زمان وەکو کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە بایکۆتی چالاکییەکان ناکەن، بەڵکو دوور لە حکومەت یادەکە دەکەنەوە، وتیشی: ئەمە پەیامێکە بە گوێی دەسەڵاتدا دەیچپێنین بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی داهاتوو پەیامەکانیان پشتگوێ نەخرێن و دەستی ئاوەدانکردنەوە درێژ بکەن.

 

ڕووبا محەمەد، ئەندامی دەستەی باڵای کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ئەوەش دەخاتەڕوو کە لە وڵاتان زۆر خزمەت بە کەسوکاری شەهیدان دەکرێت، بەڵام لێرە موچەی شەهیدانمان بە پەنجا رۆژ جارێک وەردەگیرێت، وتیشی ماوەی کابینەی سەرۆکی حکومەت بەرەو بەسەرچوون دەچێت بەڵام تا ئێستا سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی نەکردووە.

 

١٣ی ئادار کۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ڕایانگەیاند کە بەجیا لە دەسەڵات یادی ٣٤ ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەنەوە و دوێنێش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا جەختیان کردەوە کە سوورن لەسەر بڕیارەکەیان و ئەمڕۆش لە چالاکییەکدا بڕیارەکەی خۆیان بەجێهێنا و دوور لە دەسەڵات یادی ٣٤ەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیان کردەوە.

 

ت.پ